"ئاشتی به‌هێز دێته‌دی"
جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا: سه‌بری ئه‌مریكا كۆتاییهاتووه
K24 - هه‌ولێر:
مایك پێنس، جێگری سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، له كاتی دیداریدا له‌گه‌ڵ" شینزۆ ئابێ" سه‌رۆكوه‌زیرانی ژاپۆن گووتی" واشنتۆن و تۆكیۆ، هه‌وڵده‌ده‌ن كێشه‌كانی ناوچه‌كه(كۆریای باكوور) به ئاشتیانه چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام " ئاشتی به‌هێز دێته‌دی".
ئاژانسی هه‌واڵی "كیودۆ"ـی ژاپۆنی بڵاویكرده‌وه، له‌و دیداره‌دا سه‌رۆكوه‌زیرانی ژاپۆن ته‌ئكیدی له‌سه‌ر هاوكاری نێوان(تۆكیۆ، واشنتۆن، به‌یجینگ"په‌كین"، سۆل) بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئه‌تۆمی كۆریای باكوور كردووه‌ته‌وه".
هه‌روه‌ها ئاژانسه‌كه رایگه‌یاندووه، له كاتی سه‌ردانی مایك پێنس بۆ ناوچه‌ی له چه‌كداماڵراوی نێوان هه‌ر دوو كۆریا، كه ده‌كه‌وێته سنووری جیاكه‌ره‌وه‌ی نێوان هه‌ر دوو وڵاتیش گوتوویه‌تی" سه‌بری وڵاته‌كه‌ی له رووی ستراتیژییه‌وه كۆتاییهاتووه".
جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا، ئێستا له گه‌شتێكدایه بۆ وڵاتانی ئاسیا و هۆكاری سه‌ردانه‌كه‌یشی په‌یوه‌سته به‌و ره‌وشه‌ی، تاقیكردنه‌وه‌ی مووشه‌كه بالیستییه‌كانی پیۆنگ یانگ، ساڵانێكه له نیمچه دوورگه‌ی كۆریی دروستیانكردووه.