هه‌واڵی ده‌ستدرێژیی كردنه‌سه‌ر هه‌یفا وه‌هبی میسرییه‌كان توڕه‌ده‌كات
ده‌رهێنه‌ری دراماكه، هه‌واڵه‌كه ره‌تده‌كاته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
هه‌واڵی وێنه‌گرتنی دیمه‌نێكی زنجیره درامای "الحرباية" كه هونه‌رمه‌ندی ناسراوی لوبنانی "هه‌یفا وه‌هبی" به‌شداریی تێدا كردووه و له لایه‌ن شۆفێری ئۆتۆمبێلێكی مینی پاسه‌وه رووبه‌ڕووی ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌بێته‌وه، ره‌خنه‌ی زۆری لێگیراوه به تایبه‌تی كه وا بڵاوكراوه‌ته‌وه زنجیره دراماكه له مانگی ره‌مه‌زانی داهاتوودا نمایش ده‌كرێت.
هه‌ر چه‌نده به‌رهه‌مهێنه‌ری دراماكه كه "مه‌مدوح شاهین"ـه ده‌ڵێت، من دراماكه‌م به‌رهه‌مهێناوه و هیچ دیمه‌نێكی تێدانییه ده‌ستدرێژی سێكسی بكرێته‌سه‌ر "هه‌یفا وه‌هبی" و ته‌نانه‌ت له ده‌ق و سیناریۆكه‌دا هیچ دیمه‌نێكی وا دیارینه‌كراوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژماره‌یه‌ك پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی تایبه‌تمه‌ند به بواری هونه‌ر، هه‌واڵه‌كه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه.
به‌رهه‌مهێنه‌ری دراماكه له لێدوانێكدا بۆ میدیاكان، پێی سه‌یره هه‌واڵێكی له‌و جۆره به‌و هه‌موو ورده‌كارییه‌وه ده‌رباره‌ی دیمه‌نێكی له‌و شێوه‌یه كه‌وتووه‌ته ناو میدیاكانه‌وه و ده‌ڵێن" كاتێك هه‌یفا وه‌هبی له ده‌ست خوشكه گه‌وره‌كه‌ی راده‌كات و به‌ره‌و شاری مه‌نسووره ده‌ڕوات، له‌لایه‌ن شۆفێری مینی پاسێكه‌وه ته‌نگی پیههڵدهچنرێت و سه‌ره‌نجام لهگهڵهاورێكانیدا ده‌یڕفێنن و ده‌ڕۆنه ئه‌پارتمانێك و ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌كه‌نه‌سه‌ر".
شاهین ده‌ڵێت:" دراماكه پرسێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه و هێڵه سووره‌كانی نه‌به‌زاندووه، به تایبه‌تی ئه‌و درامایه له مانگی ره‌مه‌زاندا نمایش ده‌كرێت و هیچ لادانێكی تێدانییه".
بیرۆكه‌ی زنجیره دراماكه باسی كۆتایی ساڵی بیسته‌كانه و "هه‌یفا وه‌هبی" رووبه‌ڕووی سته‌می خوشكه گه‌وره‌كه‌ی ده‌بێته‌وه به ناوی "دنیا" و ده‌گاته ئه‌و ئاسته‌ی له ده‌ستی رابكات و رووبه‌ڕووی رووداوی ده‌ستدرێژی سێكسیی ببێته‌وه.