به‌هۆی نه‌بوونی پزیشكی پسپۆڕ گه‌نجێكی 27 ساڵان گیان له‌ده‌ستده‌دات

كه‌سوكاری بۆ كوردستان 24 ده‌دوێن

K24 - هه‌ڵه‌بجه‌:

ئەمە شین و گریانی کەسوکاری سەرھەنگ مەحمودی تەمەن 27 ساڵە کە لە ڕۆژی 23ی ئەم مانگە بە ھۆی ڕوداوێکەوە لە گوندی دەگاشێخانی سەر بەناحییەی بیارە بە فیشەکێک بریندار دەبێت.

کەسوکاری سەرھەنگ دەڵێن: "ئێمە بە نیو كاتژمێر پێش ئەوەی بیگەیەنینە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ھەڵەبجە،  بەشێك لە پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکەمان ئاگادار کردووەتەوە کە بریندارێکمان پێیەو بەرەو نەخۆشخانە دێین, بەڵام بە گەیشتنمان بۆ نەخۆشخانە و بەھۆی نەبوونی پزیشکی پسپۆڕەوە بڕیار درا نەخۆشەکە ڕەوانەی سلێمانی بکرێت، بەڵام بەرلەوەی بگەینە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا".

سەرھەنگ پۆلیسی نەوت و گازی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان بووە زیاتر لە دوو ساڵە ژیانی ھاوسەری پێکھێناوە و لەدوای خۆی کوڕێکی تەمەن 18 مانگی بەجێھێشت.

کەسوکارەکەی سەرھەنگ دەڵێن: "گیان لە دەستدانی سەرھەنگ دەگەڕێنینەوە بۆ كەمتەرخەمی پزیشكەكان".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ھەڵەبجە كه نزیکەی 3 مانگە ئەو پۆستەی وەرگرتووە دەڵێ : "كێشەی پزیشك و كەمی داو و دەرمانمان ھەیە و تا ئێستاش چارەسەر نەكراوە".

لە ھەڵەبجە بە ھۆی نەبوونی پێداویستی پزیشکی و کەمی دکتۆری پسپۆڕ ڕۆژانە ئەو نەخۆشانەی کە حاڵەتەکانیان پێویستی بە دکتۆری پسپۆڕ ھەیە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی دەكرێن شارەزایانی بواری تەندروستیش پێیان وایە ھەڵەبجە وەک پارێزگایەک مامەڵەی لەگەڵ ناکرێ, داواش دەكەن ئاوڕێكی جددی لە كەرتی تەندروستی لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە بدرێتەوە.