ململانێى جوانه‌كان.. ئيڤانكا به بردنى ده‌سه‌ڵاتى خانمى يه‌كه‌م تۆمه‌تباره
ميلانياى خانمى يه‌كه‌ميش ده‌يه‌وێت رۆڵه‌كه‌ى خۆى وه‌ربگرێته‌وه.
K24 – هه‌ولێر:
ئيڤانكا ترامپ له دواى ده‌ستبه‌كاربوونى باوكى وه‌ك سه‌رۆكى ئه‌مريكا به كرده‌وه رۆڵى خانمى يه‌كه‌م ده‌گێڕێت و ميلانياى خانمى يه‌كه‌ميش ده‌يه‌وێت رۆڵه‌كه‌ى خۆى وه‌ربگرێته‌وه.
هه‌ر له ساته‌وه‌ختى سوێندخواردنى ترامپه‌وه رووناكى زۆرتر خرايه سه‌ر ئيڤانكا نه‌ك ميلانيا، ئه‌مه‌ش به هۆى په‌يوه‌ندييه به‌هێزه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ باوكى و كاريگه‌رى له‌سه‌رى.
زۆر پرسيار له باره‌ى رۆڵى ئيڤانكاى كچ و ميلانياى خانمى يه‌كه‌م له كۆشكى سپى هاتوونه‌ته ئاراوه، به تايبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى ماوه‌يه‌ك ميلانيا له‌به‌ر چاوان نه‌بوو، تا ئه‌و كاته‌ى كۆشكى سپى به ره‌سمى وێنه‌يه‌كى ئه‌و و شاژنه رانيا عه‌بدوڵڵاى ئه‌رده‌نى بڵاوكرده‌وه.
رۆژنامه‌ى نه‌هارى لوبنانى له زارى ئيڤانكاوه بڵاويكردووه‌ته‌وه، كه گونجاو نييه پێى بوترێت خانمى يه‌كه‌م.

دواى سوێندخواردنى ترامپ، ميلانيا ته‌نيا له‌گه‌ڵ شاژنه رانيا عه‌بدوڵڵا وه‌ك خانمى يه‌كه‌م ده‌ركه‌وت و به‌يه‌كه‌وه سه‌ردانى قوتابخانهيهكيان كرد و هه‌ندێك چالاكى پرۆتۆكۆليان ئه‌نجامدا.
كاتێك ميلانيا له‌به‌ر چاوان نه‌بێت، ئيڤانكا زۆرتر رۆشنايى ميديايى ده‌خرێته سه‌ر و هه‌ر ئه‌وه‌ش وايكردووه، ساردييهك له نێوان ميلانيا و ئيڤانكا درووست بێت.
رۆژنامه‌كانى بريتانيا بڵاويانكردووه‌ته‌وه، به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئيڤانكا له رۆڵى خۆى زياتر ده‌رده‌كه‌وێت، ميلانيا له‌گه‌ڵيدا ساردوسڕه، به‌ڵام گوته‌بێژى كۆشكى سپى ئه‌مريكا ئه‌وه‌ى ره‌تكرده‌وه و رايگه‌ياند، ئيڤانكاى كچ و ميلانياى هاوسه‌رى ترامپ په‌يوه‌ندييه‌كى توندوتۆڵيان له‌گه‌ڵ يه‌ك هه‌يه.

گۆڤارى ڤانيتى ڤير، وتارێكى له باره‌ى ژيانى تايبه‌تى ميلانيا ترامپ بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێيدا بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى كردووه، له دوو سه‌رچاوه‌ى نه‌ناسراوه‌وه زانيارى ده‌ستكه‌وتووه، كه په‌يوه‌ندى نێوان ميلانيا و ئيڤانكا ساردوسڕه.
ميلانيا له‌گه‌ڵ راگه‌ياند و ئيڤانكا له‌گه‌ڵ مۆديلدا سه‌روكاريان هه‌يه و كاتێك ترامپ چووه كۆشكى سپى، رۆژنامه‌كان نووسيبوويان ميلانيا له نيويۆرك ده‌مێنێته‌وه چونكه كوڕه‌كه‌يان بارۆن له پۆلى يازدهيه و كاتى پێويسته بۆ ته‌واوكردنى خوێندنى و ئه‌و هه‌واڵه‌ش ميلانياى خه‌مبار كردبوو، كه ناتوانێت له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ى بێت. هه‌رچى ئيڤانكايه هه‌ر زوو جانتا و كه‌لوپه‌لى خۆى پێچايه‌وه و له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ى جاريد كوشنه‌ر و سێ منداڵه‌كه‌ى به په‌له ماڵێكى له گه‌ڕه‌كى كالوراماى ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانى واشنتن به 5.5 مليۆن دۆلار كڕى و ماڵى هێنايه نزيك كۆشكى سپى.

ئيڤانكا كچى گه‌وره‌ى ترامپه و هه‌ميشه سايهى باوكى له‌سه‌رى بووه و لێى جيانهبووهتهوه و بڕياريشه هه‌فته‌ى داهاتوو سه‌ردانى ئه‌ڵمانيا بكات به نوێنه‌رايه‌تى باوكى بۆ به‌شداريكردن له يادكردنه‌وه‌ى روداوى كۆمه‌ڵكوژى جوله‌كه‌كان له لايه‌ن نازييه‌كانى ئه‌ڵمانياوه.
ئيڤانكا هه‌ميشه سه‌رچاوه‌ى پشتيوانى بووه بۆ باوكى و هه‌ر كاتێك پێويستى به هاوكارى بووبێت ئيڤانكا له پاڵى بووه و بووه‌ته به‌شێك له كۆمپانياكه‌ى و له سه‌روبه‌ندى بانگه‌شه‌ى ههڵبژاردنيشدا هه‌ميشه خۆى بۆ كۆكردنه‌وه‌ى ده‌نگ بۆ باوكى ماندوو كردووه.
جێى سه‌رنجه ميلانيا به شێوه‌يه‌كى به‌رچاو له كۆڕ و كۆبوونه‌وه و وتاره‌كانى هاوسه‌ره‌كه‌ى له ماوه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردندا ئاماده نه‌بوو. هه‌ربۆيه تێبينى ده‌كرێت ئێستاش وه‌ك پێويست نايه‌وێت به كاروبارى كۆشكى سپى وه‌ك خانمى يه‌كه‌م رابگات و له بۆشايى ئه‌مدا ئيڤانكا ترامپ ئه‌ستێره‌كه‌ى دره‌وشاوه‌ته‌وه و زياتر ده‌ركه‌وتووه.

ئيڤانكا وه‌ك خاوه‌ن كارێك له ته‌مه‌نى 35 ساڵيدا له‌گه‌ڵ باوكى له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانى چين كۆبوويه‌وه و سه‌ردانى بنكه‌ى سه‌ربازى دوفرى ئاسمانى كرد و هه‌روه‌ها له كۆشكى سپيش پێشوازى له ئايه حيجازى هاووڵاتى ئه‌مريكى ميسرى كرد، كه به‌م دواييه به هۆى هه‌وڵه‌كانى باوكييه‌وه ئازاد كرابوو.
كێبڕكێى نێوان ئه‌و دوو ژنه ته‌نيا له‌سه‌ر رۆڵى سياسى ئه‌وان له كۆشكى سپى كورتههڵنههاتووه، به‌ڵكو به‌شێكى بۆ ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه، كاميان جوانترن.

له ئاهه‌نگى ده‌ستبه‌كاربوونى ترامپدا ميدياكان به‌راوردى نێوان ئيڤانكا و ميلانيايان ده‌كرد و ده‌يان جياوازيان خسته‌ڕوو.
ده‌يلى ميرهرى بريتانيا بڵاويكرده‌وه، ئيڤانكا پلانى دانابوو سه‌رنجى ميديا به‌لاى خۆي‌دا رابكێشێت، له كاتێكدا ميلانيا عهزيهكى ره‌شى ساده و ساكارى له‌به‌ر كردبوو.