قایمقامی شنگال: پەكەكە ھۆكاری بۆردوومانەكانی توركیایە و دەبێ ناوچەكە چۆڵ بكات

"پەكەكە گوێی لە داواكاری خەڵك و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان نەگرت"

K24 - ھەولێر

لەبارەی بۆردوومانی شەوی رابردووی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لە سنووری شنگال، قایمقامی شنگال رایدەگەیەنێت، پەكەكە ھۆكاری بۆردوومانەكانی توركیایە و دەبێ ناوچەكە چۆڵ بكات.

مەحما خەلیل قایمقامی شنگال بە كوردستان24 گوت: "خەڵكی شنگال و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، پێشتر داوایانكرد پێویستە پەكەكە لە شنگال بكشێتەوە و ناوچەكە سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێ بۆ ئەوەی ناوچەكە ئاوەدان بكرێتەوە و خزمەتی ھاووڵاتیانی بكرێت، بەڵام پەكەكە گوێی لە كەس نەگرت تا توركیا بۆردوومانی كرد".

گوتیشی: "بۆردوومانی كردنی شنگال بەھۆی پەكەكەیە و جارێكی دیكە نائومێدی لای خەڵك دروست دەكات، بۆیە دەبێ پەكەكە ناوچەكە چۆڵ بكات، بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەكە بگەڕێتەوە".