چاوشئۆغلو: ئه‌مریكا و رووسیامان له هێرشه‌كه‌ی شنگال ئاگادار كردنه‌وه
ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆن به مافی توركیا ده‌زانێت
K24 – هه‌ولێر
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا مه‌ولوود چاوشئۆغلو رایگه‌یاند "دوو كاتژمێر پێشتر ئه‌مریكا و رووسیامان له هێرشه‌كه‌ی شنگال ئاگادار كردنه‌وه و رامانگه‌یاند ده‌مانه‌وێت ئۆپه‌راسیۆن له ناوچه‌ی شنگال و باكووری سوریا ئه‌نجام بده‌ین".
هه‌ڵویستی ئه‌و لایه‌نانه‌ش ره‌تده‌كاته‌وه كه ده‌ڵێن ئاگامان له ئۆپه‌راسیۆنه‌كه نییه و له‌م باره‌وه ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر ئه‌وان ده‌ڵێن زانیاریمان له باره‌ی ئۆپه‌راسیۆن نییه، راست ناكه‌ن، له بواری دیپلۆماسی و سه‌ربازی ئه‌م لایهنهنانهمان ئاگادار كردنه‌وه".
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وی ئه‌مریكا به ده‌ربڕینی "نیگه‌رانی قووڵی" خۆی له‌باره‌ی ئه‌م هێرشانه‌ی فڕۆكه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر چیای شنگال و چیای قه‌ره‌چووغ له رۆژئاوای كوردستان رایگه‌یاند "ئه‌م هێرشانه به هه‌ماهه‌نگی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بە سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له شه‌ڕی دژی داعش ئه‌نجام نه‌دراون".
چاوشئۆغلو هه‌روه‌ها گوتی "ئه‌نجامدانی هێرشه‌كان مافێكی ره‌وای خۆمانه". بۆ ئه‌وه‌ش باس له‌وه ده‌كات "په‌كه‌كه له چیای شنگاله‌وه چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی بۆ توركیا ده‌نێرێت".
هه‌ر له باره‌ی هێرشه‌كه‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردووی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر چیای شنگال، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاته ئاماژه‌ی به‌وه‌دا "به‌رده‌وام گوتوومانه په‌كه‌كه له شنگال ده‌كه‌ینه ئامانج". ده‌شڵێت "توركیا تیرۆری قبووڵ ناكات".
هێرشهكهكانیشی به "ئۆپه‌راسیۆنێكی ره‌وا" ده‌زانێت و ده‌ڵێت "مافه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و به‌نده‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئه‌م مافه‌یان به ئێمه داوه، ئۆپه‌راسیۆن ئه‌نجام بده‌ین".
فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا به‌ره‌به‌یانی رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردوو چیای شنگالیان بۆردومانكرد و به‌هۆیه‌وه پێنج پێشمه‌رگه شه‌هیدبوون و حه‌وتی دیكه‌شی برینداربوون.