عه‌بادی: كورد ھاووڵاتی پلە یەكی عێراقن

هەندێک لایەن کاریان تەنیا هێرشکردنە سەر حکومەت و هێزە ئەمنییەکانە

K24 – ھەولێر

حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند هەندێک لایەن کاریان تەنیا هێرشکردنە سەر حکومەت و هێزە ئەمنییەکانە.

عه‌بادی لە کەرنەڤاڵی یەکێتی نیشتمانی لە بەغدا گووتی "ئەو لایەنانە بەهیچ شێوەیەک هێرش ناکەنە سەر تیرۆر و تیرۆر به‌شێك نییه‌ لە بەرنامەی ئه‌وان بۆ بە ئامانجکردنی". ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌ دا، "هەر ئەو لایەنانە بوون، کە بوونە هۆکاری داڕمانی هێزە ئەمنییەکان و بە شێوەیەک ئاراستەیانکردن، کە نەیانتوانی رووبەڕووی تیرۆر ببنەوە".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گوتاره‌كه‌یدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند "هەوڵێک بۆ هەڵگیرساندنی ناکۆکی لە نێوان کورد و عەرەب لە ئارادایە". هه‌ر له‌م باره‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا "کورد هاووڵاتی پلە یەکی عێراقن".

سه‌باره‌ت به‌ ئۆپه‌راسیۆنی موسڵیش گووتی "لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ هەندێ لایەن دژی هەماهەنگی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بوون، بەڵام ئێمە لەو کارەدا سەرکەوتین".