مه‌سروور بارزانى: له پرۆسه‌ى سه‌ربه‌خۆيى پاشه‌كشێ ناكه‌ين
به قسه‌ى ئه‌وانه ناكه‌ين كه دژى ريفراندۆمن
K24 – هه‌ولێر:
مه‌سروور بارزانى، راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان رايگه‌ياند، "بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه سه‌ربه‌خۆ بین، ده‌بێت سه‌ر به‌خۆمان بین، نابێت سه‌ر به هیچ لایه‌كی دیكه بین" له باره‌ى په‌رله‌مانيشه‌وه گوتى: ئێمه له ئه‌مڕۆوه ئاماده‌ين په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه. سه‌باره‌ت به ئه‌نجامدانى ريفراندۆميش گوتى: له‌و پرۆسه‌يه پاشه‌كشێ ناكه‌ين و به قسه‌ى ئه‌وانه ناكه‌ين كه دژى ريفراندۆمن.
له وتارێكدا، كه ئه‌مڕۆ له كه‌رنه‌ڤاڵێكى يه‌كێتى قوتابيانى كوردستان بۆ پشتگيريى له ريفراندۆم، كه له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، مه‌سروور بارزانى باسى له گرنگى سه‌ربه‌خۆبوونى هه‌رێمى كوردستان كرد و گوتى: "نابێت ئێمه چاومان له‌وه بێت كه هه‌ر پاشكۆ بین، یان خه‌ڵكی دیكه حوكمڕانی به‌سه‌ر ئێمه‌دا بكات، كه‌سێك ناتوانێت چاوی له پۆستی وڵاتێكی دیكه بێت و بێت لێره رێنماییمان بكات له‌سه‌ر چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم.
مه‌سروور بارزانى, جه‌ختيشى له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، پێش ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بڕوای به سه‌ربه‌خۆیی خه‌ڵكی كوردستان هه‌بێت، ده‌بێت ئێمه پێش هه‌موو كه‌سێك ئه‌و بڕوایه‌مان له‌لا درووست بێت، كه ئه‌وه مافێكی سرووشتی ئێمه‌یه، ئه‌مه مافێكه خوا به ئێمه‌ی داوه".
گوتيشى: "خه‌ڵكێك نه‌یانه‌وێ ريفراندۆم بكه‌ين و بیانوو بدۆزنه‌وه له شێواز و چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، ئێمه به هیچ شێوه‌یه‌ك به قسه‌ی ئه‌وان ناكه‌ین و به هیچ شێوه‌یه‌ك نه ده‌گه‌ڕێینه‌وه و نه په‌شیمان ده‌بینه‌وه، ئه‌و ریفراندۆمه‌ش له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت".
هه‌روه‌ها گوتى: "ئینجا ئێمه ده‌بێت خاوه‌نی ئه‌و بڕیاره بین ئێمه وه‌كو نه‌ته‌وه ده‌بێت پێداگیری له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ین كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له مافی خۆمان خۆشنابین و به‌هیچ شتێك له‌وه‌ی كه یه‌كسان بین له‌گه‌ڵ هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی دنیا، ئێمه ئاماده نین له‌وه كه‌متر رازی بین".
له باره‌ى سه‌ربه‌خۆييه‌وه راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان, زياتر روونيكرده‌وه، كه ئه‌و پرسه زامنى داهاتووى كورد ده‌كات و گوتى: "بابه‌تی سه‌ربه‌خۆیی یا بابه‌تی سیاده‌ی وڵات گرنگه بۆ پاراستنی ئایینده‌ی هه‌م وڵاته‌كه‌مان، هه‌م خه‌ڵكه‌كه‌مان، ئه‌گه‌ر ئێمه له یاسای نێوده‌وڵه‌تی خاوه‌نی سیاده بین، خاوه‌نی وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ بین، ئه‌و وه‌خته به حوكمی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ته‌ده‌خولكردن له كوردستان قابیلی قه‌بووڵ نییه. به‌ڵام ئێمه ئێستا به‌شێكین له حكوومه‌تێكی دیكه، كه خۆی نه‌یتوانیوه وه‌كو پێویست سیاده‌ی خۆی بپارێزێت و له هه‌موو لایه‌ك ته‌ده‌خولی ئیش و كاره‌كانی ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وان نایانه‌وێ سه‌ربه‌خۆ بن، ئێمه ده‌مانه‌وێ سه‌ربه‌خۆ بین".
سه‌باره‌ت به پرسى كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانيش مه‌سروور بارزانى گوتى: "قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرێت كه ئایا بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ئێمه پێویستمان به كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانه، جارێ ده‌مه‌وێ ئه‌وه باس بكه‌م، ئێمه وه‌كو پارتی، به هیچ شێوه‌یه‌ك، دژی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان نه‌بووین و نین، ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێ په‌رله‌مان كارابكرێته‌وه، به‌ڵام چ جۆره په‌رله‌مانێك، سه‌رۆكی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانێك، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ت بڕیاربدات، نابێت ببێته سه‌رۆكی فراكسیۆنی حزبێك و به‌ناوی په‌رله‌مان ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی حزبێك ئیش بكات، ئێمه‌وه ئه‌وه قه‌بووڵ ناكه‌ین".
هه‌روه‌ها گوتى: "سه‌رچاوه‌ی شه‌رعییه‌ت میلله‌ته پێش ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان بێت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش پێمانخۆشه په‌رله‌مان كارابكرێته‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش قسه‌ی پێویست كراوه و پێشنیاریش هه‌بووه و تاووتوێی ئه‌و پێشنیارانه‌ش ده‌كرێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان، به‌ڵام ئێمه به هیچ شێوازێك ئه‌وه قه‌بووڵ ناكه‌ین، بۆ رازیكردنی حزبێكی سیاسی یان چه‌ند كه‌سێك، یان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی سیاسی به‌ینی دوو حزب و سێ حزب، ئیتر په‌رله‌مان و داهاتوو و ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی میلله‌ته‌كه‌مان بخرێته ژێر پرسیار و وه‌لا بنێت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نیا ته‌ركیز له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه ناوخۆییه‌كانی ته‌سكی حزبی بكرێت، ئێمه ئه‌وه قه‌بووڵ ناكه‌ین پێمانوایه پێش هه‌موو شتێك به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی میلله‌ته‌كه‌مان، به‌تایبه‌تی كه ئێستا مه‌سه‌له‌ی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی له ئارادایه".
راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌شى گوت: "پێش هه‌موو شتێك، ئێمه ئه‌وه‌مان ده‌وێ، به په‌رله‌مانتاره‌كان بڵێین، كه فعله‌ن ئه‌وانه‌ی كه به په‌رۆشه‌وه باسی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن با په‌رله‌مان كارابكه‌ینه‌وه، په‌رله‌مان به زۆرینه كارا ده‌كرێته‌وه، بابێن ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێك ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی پرسی ریفراندۆم یان بۆ سه‌ربه‌خۆیی په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه ئێمه له‌مڕۆوه ئاماده‌ین په‌رله‌مان به ده‌نگی زۆرینه كارابكرێته‌وه سه‌رۆكایه‌تییه‌كی نوێ بۆ په‌رله‌مان هه‌ڵبژێرین، به‌ڵام په‌رله‌مان ته‌نیا له پێناوی ئه‌وه‌ی كێشه‌ی حزبی چاره‌سه‌ر بكات و دوایی ببێت به ئاسته‌نگ بۆ كێشه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان پێمانوانییه ئه‌م په‌رله‌مانه له خزمه‌تی ئه‌و پرسه‌دا بێت و بتوانێت سه‌ركه‌وتووش بێت".
سه‌باره‌ت به كێشه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى سياسى هه‌رێمى كوردستان مه‌سروور بارزانى گوتى: له هه‌موو دنیا په‌رله‌مان له ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردن سه‌رۆكی بۆ داده‌نرێت یان ئه‌ركه‌كانی بۆ دابه‌ش ده‌كرێت، ئێمه به پێی ئه‌و رێككه‌وتنه له‌گه‌ڵ لایه‌نێكی سیاسی‌دا كردمان بۆ به‌شداربوونیان له حكوومه‌ت، ئیمتیازمان پێدان كه سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان وه‌ربگرن، نه‌ك ئیستیحقاقی ئینتیخابی بێت، به‌م كورسییانه‌ی كه هه‌یانه نه‌یانده‌توانی. پارتی ئێستاش زیاتر له هه‌موو كه‌سێك خاوه‌نی په‌رله‌مانه، چونكه له هه‌موو كه‌سێك زیاتر كورسی له په‌رله‌مان هه‌یه، حه‌قی پارتیشه سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بكات.
هه‌روه‌ها گوتى: به‌ڵام كه پارتی قه‌بووڵی كرد بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی بێین په‌رله‌مانێك دابنێین و سه‌رۆكێك بۆ په‌رله‌مان هه‌ڵبژێرین له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كه خزمه‌تی گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان بۆ ئه‌وه‌ی ئاشته‌واییه‌كی گشتی نیشتمانی درووست ببێت، ئێستا پاشگه‌زبوونه‌وه له‌و ئاشته‌واییه و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی له‌و رێككه‌وتنه مانای ئه‌وه نییه ئه‌و ئیمتیازه بۆ ئه‌و لایه‌نه سیاسییه ده‌بێت، ئه‌و ئیمتیازه چۆن پێی دراوه ئاواش لێی ده‌سه‌ندرێته‌وه.
سه‌باره‌ت به ده‌نگۆكانى دژ به پرۆسه‌ى ريفراندۆم مه‌سروور بارزانى گوتى: زۆرجار ئه‌وه ده‌بیستین كه له‌لایه‌نێك یان له شوێنێك و یان ناوچه‌یه‌ك، گوایه رای شه‌قام وایه و دژی ئه‌وه‌یه، من رێزم هه‌یه به‌ڵام رای شه‌قام ئاراسته‌كراوه، ناشمانه‌وێ به حه‌قیقه‌ت هه‌رچی بڕیاری سیاسی حزبی هه‌بێت بیخه‌نه پاڵ شه‌قام و خه‌ڵكی كوردستان.
هه‌روه‌ها گوتى: پێموایه خه‌ڵكی كوردستان زۆر له‌وه وریاتره، زۆر له‌وه به ئاگاتره، چ له سلێمانی، چ له هه‌ر شوێنێكی دیكه، به هه‌موو شتێك بڵێن رای شه‌قام ئه‌وه قه‌بووڵ ناكات، ئێستاش من ده‌توانم له جێگه‌ی هه‌ر تاكێكی ئه‌م كوردستانه كه رای شه‌قام له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه.
روونيشيكرده‌وه، ئێمه ده‌بینین چیمان به‌سه‌ر هات، به درێژایی مێژوو به‌تایبه‌تی ئه‌و ماوه‌یه‌ی بینیمان له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و ئه‌و هه‌موو رێز و پێزانینه‌ی كه وڵاتانی ده‌ره‌وه بۆ كوردستان و پێشمه‌رگه نیشانیاندا، ئێمه پێگه‌یه‌كی تایبه‌تمان بۆ درووستبووه له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌روه‌ها شكستی ئیداره و سیاسه‌ت له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به تایبه‌تی له عێراق و سووریا، نیشانمان ده‌دات ئه‌و سیسته‌مه سیاسییه ناكرێت تاكو دوایی ناكرێت سه‌ركه‌وتوو بێت، سه‌د ساڵه هه‌موو شێوازه‌كانی حوكمڕانی تاقیكراونه‌ته‌وه و شكاون، سیسته‌مێكی سیاسی كه له وڵاتێك شكابێت، دووباره‌كردنه‌وه‌شی به هه‌مان شێوه شكانیشی به دواودێت.
سه‌باره‌ت به داهاتووى په‌يوه‌ندى كورد و عێراق, راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان گوتى: ئێمه ده‌مانه‌وێت باشترین په‌یوه‌ندیمان هه‌بێت له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق، ئیتر به یه‌كپارچه‌یی بمێنێته‌وه چ به شێوازێك له یه‌كتر جیاببنه‌وه، ئێمه دژی هیچ وڵاتێك، دژی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك نین، ده‌مانه‌وێت باشترین په‌یوه‌ندیمان هه‌بێت له‌گه‌ڵ دراوسێكانمان، له‌گه‌ڵ ئێران، توركیا، سووریا و عێراق، ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش بڵێم، تا ئێستا ئێمه هه‌مووجار ديلى ئه‌وه بووین كه كوردستان وڵاتێكی داگیركراوه، مه‌حسووره و هیچ رێگه‌مان نییه بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیمان به ده‌ره‌وه هه‌بێت، راسته، چونكه به درێژایی مێژوو كه سه‌یر ده‌كه‌ین چ له عێراق، ئێران و توركیا، هه‌موو جارێك له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌تی به‌رژه‌وه‌ندی كورد، دانیشتن كراوه، پێشتر به‌ر له‌وه‌ی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی رووبدات، له‌سه‌ر یه‌ك شت هاوڕابوون، كه نه‌هێڵن میلله‌تی كورد نه‌گات به هیچ ئامانج و ئاواتێك.
ئاشكراشيكرد، كورد داوايه‌كى مه‌حاڵى نييه و گوتى: ئێمه له عێراقدا باسی گۆڕینی سنووری نێوده‌وڵه‌تی ناكه‌ین، ئێمه باسی گۆڕینی سنووری عێراق ئێران، یا عێراق توركیا، یان عێراق و سووریا ناكه‌ین، ئێمه باسی درووستكردنی سنوورێكی دیكه ده‌كه‌ین، له‌نێوان خه‌ڵكی كوردستان و به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق، كه‌واته نه ئێمه مه‌ترسین بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌ن و وڵاتێكی دیكه‌ی دراوسێ، نه ده‌شمانه‌وێ ببین به دوژمن و ناحه‌زیش له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق، هه‌روه‌ها ده‌مانه‌وێ باشترین په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئه‌وان هه‌بێ، وه‌كو جه‌نابی سه‌رۆك فه‌رمووی: "ویستمان له‌ژێر سه‌قفێك له ژوورێكدا بژین، به‌ڵام ئه‌وان برایه‌تی ئێمه‌یان پێ قه‌بووڵ نه‌بوو، یه‌كسانی ئێمه‌یان پێ هه‌زم نه‌كرا"، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئێمه نه پاشكۆیی قه‌بووڵ ده‌كه‌ین، نه كه‌مبوون قه‌بووڵ ده‌كه‌ین، ده‌مانه‌وێ وه‌كو دوو دراوسێ و یه‌كسان و هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ یه‌كتر بین.
داڕشتنه‌وه: ئه‌يوب محه‌ممه‌د بابه‌كر