پارتێكی نوێ لە شنگال دامەزرا

ئاڵای عێراقیان لە شنگال ھەڵكردووە

K24 - شنگال

حزبێكی نوێ لە شنگال دامەزرا و ئاڵای عێراقیان ھەڵكرد، سەرۆكی ئەو پارتەش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ھێزی سەربازیان نییە و ئامادەشن پەیوەندیان لەگەڵ ھەر ھێزێكی سیاسی ھەبێت.

مەسعوود محەمەد پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "پارتێكی نوێ بەناوی "پارتی ئازادی و دیموكراتی ئێزدیان" راگەیەنرا و ئاڵای عێراقیان لە تەك ئاڵای حزبەكەیان ھەڵكردووە.

قەحتان عەلی سەرۆكی پارتەكە بە كوردستان24 گوت: "ئێمە پارتێكی سەر بە عێراقین، سەر بە پەكەكە و ھیچ پارتێكی دیكەی سیاسی نین، مۆڵەتی فەرمیمان لە حكوومەتی عێراق وەرگرتووە".

گوتیشی: "ئێمە ھیچ ھێزێكی سەربازیمان نییە و ئەندام و لایەنگرانمان پێكھاتوون لە خەڵكی شنگال و ئێزدییەكان دەرەوەی وڵات".

راشیگەیاند: "ئامادەین پەیوەندیمان لەگەڵ ھەموو ھێزە سیاسییەكان ھەبێت".