پێشمەرگە ھێرشێكی داعشی لە كەركووك تێكشكاند
داعش لە رێگەی 5 خۆكوژ ھێرشی كردووە و ھەموویان كوژراون
K24 - كەركووك
ھێمن دەلۆ پەیامنێری كوردستان24 لە كەركووك رایگەیاند: "بەرەبانی ئەمڕۆ داعش لە رێگەی پێنج چەكداری خۆكوژ ھێرشی كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە باشووری كەركووك، بەرلەوەی بەربەستەكان ببڕن ھێزی پێشمەرگە لێیان ھاتوونەتە دەست و ھێرشەكەیان تێكشكاندووە و سەرجەم ھێرشكەرەكانی داعش كوژراون".
پەیامنێرمان گوتیشی: "چەكدارانی داعش بە جلوبەرگی پێشمەرگە دزەیان كردبووە ناو فەرماندەی پێشمەرگە لە كەیوان، ریشیان تاشی بوو بۆ ئەوەی نەزانرێ كە داعشن، بەڵام بەرلەوەی بگەنە شوێنی مەبەست پێشمەرگە ئاگادار بوونەتەوە و سێ لە چەكدارەكانیان كوشتووە و دووانیش خۆیان تەقاندووەتەوە".
راشیگەیاند: "لەو ھێرشەی داعش دوو پێشمەرگە شەھیدبوون و شەشی دیكەش برینداربوون".









