ناوەندی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان ھەڵبژاردنەكانی ئێران بایكۆت دەكەن

داوا لە ژنانی رۆژھەڵاتی كوردستان دەكەن لە رۆژی ھەڵبژاردن بچنە سەیران

K24 – ھەولێر

ناوەندی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە راگەیاندنی کەمپەینێک، هەڵبژاردنەکانی ئێرانیان بایکۆت کرد و لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە شاری هەولێر، داوایان لە ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد لە رۆژی هەڵبژاردنەکاندا شارەکان بەجێ بێڵن و بۆ گەشت و سەیران  بچنە ناو سروشتی کوردستان.

بایكۆتكردنی ھەلبژاردنی سەرۆك كۆماری و ئەنجومەنەكانی شار و گوند لە لایەن ناوەندی ژنانی رۆژھەڵات پاش ئەوەی دێت، كە حزبەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان بە یەكدەنگی ھەردوو ھەڵبژاردنی ئێرانیان بایكۆت كرد و لە بەیاننامەیەكی ھاوبەشدا داوایان لە ھاووڵاتییانی كورد لە رۆژھەڵاتی كوردستان كرد نەچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان.

ناوەندی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان  لە رێکخراوەکانی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێكھاتووە و كەمپینێكیان بۆ بەشداری نەكردنی ژنان لە ھەڵبژاردنەكانی ئێران دەستپێكردووە.

ھەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئێران ھاوكات لەگەڵ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنەكانی شاری و گوند رۆژی 19 ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.

لە دوایین پێشھاتەكانی ھەڵبژاردنەكانی ئێران، دەستەی چاودێری ھەڵبژاردنی ئەنجومەنەكانی شار و گوند مافی پاڵێوراوێتی 4500 كەسی رەتكردەوە، كە ژمارەی پالێوراوانی رەتكراو بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنەكانی شار و گوند گەیشتووەتە 14500 كەس لە كۆی 290 ھەزار پاڵێوراو.

ناوەندی ژنانی رۆژھەڵاتی كوردستان له‌ كەمپینێكی دژی ھەڵبژاردنەكانی ئێران
ناوەندی ژنانی رۆژھەڵاتی كوردستان له‌ كەمپینێكی دژی ھەڵبژاردنەكانی ئێران