شۆڕش حاجى: ئه‌و په‌يامه‌ى نه‌وشيروان مسته‌فا دايڕشتووه سازشى له‌سه‌ر ناكه‌ين
ستايشى رۆڵ و كاريگه‌رى نه‌وشيروان مسته‌فاى له‌سه‌ر گۆڕه‌پانى سياسى هه‌رێم و خه‌باتى چه‌كدارى له رابردوودا كرد.
K24 – هه‌ولێر:
له كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانيدا، كه له هه‌ولێر ئه‌نجاميدا شۆڕش حاجى گوته‌بێژى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان رايگه‌ياند، ئه‌و به‌رنامه و په‌يامه‌ى نه‌وشيروان مسته‌فا دايڕشتووه و هه‌موومان قه‌ناعه‌تمان پێى هه‌بووه، به هيچ شێوه‌يه‌ك سازشى له‌سه‌ر ناكه‌ين و نه‌خشه‌ى گۆڕان وه‌ك چۆن نه‌وشيروان مسته‌فا دايناوه، جێبه‌جێى ده‌كه‌ين.
رۆژى 19ى ئايارى 2017، نه‌وشيروان مسته‌فا رێكخه‌رى گشتى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له ماڵه‌كه‌ى خۆي‌دا له شارى سلێمانى له كاتژمێر 08:00ى سه‌ر له به‌يانى كۆچى دواييكرد، وه‌ك ئه‌وه‌ى گوته‌بێژى بزووتنه‌وه‌كه رايگه‌ياند.
دوێنێش له گردى زه‌رگه‌ته‌ى شارى سلێمانى له‌سه‌ر وه‌سيه‌تى خۆى له مه‌راسيمێكدا ته‌رمه‌كه‌ى به‌خاكسپێردرا.
ئه‌مڕۆ دووه‌م رۆژى پرسه‌كه‌ى بوو، له شارى هه‌ولێر و له مزگه‌وتى سه‌واف پرسه‌كه‌ى به به‌شدارى لايه‌نه سياسييه‌كان به‌ڕێوه‌چوو.
شاندێكى گۆڕان له سلێمانييه‌وه به مه‌به‌ستى به‌شداريكردن له پرسه‌كه‌ى له هه‌ولێر بوون و دواى ته‌واوبوونى مه‌راسيمى پرسه، شۆڕش حاجى وته‌بێژى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانى سازكرد.
كوردستان24 راسته‌وخۆ رووماڵى كۆنگره رۆژنامه‌وانييه‌كه‌ى كرد و ده‌قه‌كه‌ى بۆ بينه‌رانى گواسته‌وه، كه تێيدا شۆڕش حاجى ستايشى رۆڵ و كاريگه‌رى نه‌وشيروان مسته‌فاى له‌سه‌ر گۆڕه‌پانى سياسى هه‌رێم و خه‌باتى چه‌كدارى له رابردوودا كرد.
له به‌شێكى ديكه‌ى قسه‌كانيدا، وته‌بێژى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان رايگه‌ياند، بزووتنه‌وه‌كه‌يان ده‌ستبه‌ردارى ئه‌و بنه‌ما و مه‌بده‌ئانه نابێت كه نه‌وشيروان مسته‌فا دايڕشتووه و له‌سه‌ريان به‌رده‌وام ده‌بن و به هيچ شێوه‌يه‌ك سازشيان له‌سه‌ر ناكه‌ن.