بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا: سەربەخۆیی کوردستان ئەگەر نییە بەڵکو تەنیا لە سەر کاتی راگەیاندنی وەستاوە
لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت
K24 - واشنتن
بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا دەڵێ سەربەخۆیی کوردستان روودەدات و تەنیا لە سەر کات وەستاوە.
جەنەڕاڵ ڤێنست ستیوارت، بەرپرسی ئاژانسی هەواڵگری سەربازی ئەمەریکی ،دوێنێ سێشەممە 23 ئایار لە دانشتنێکی سێناتی ئەمەریکی، لە وەڵامی پرسیارێکی سێناتۆر جاک رید لەبارەی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی، گوتى" سەربەخۆبوونی کورد لە ئارادایە و بابەتەکە تەنیا ئەگەر نییە بەڵکو کەی رادەگەنرێت".
گوتیشی: "ئەو بابەتە کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات تەنیا مەگەر رێککەوتنێکی سیاسی لەگەڵ بەغدا بکرێت، ئاماژەشی بەوەدا کە ریفراندۆمێکی گرنگ لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت".
جەنەراڵ ستیوارت باسی لەو کێشە وناکۆکییانە کرد کە دوای تێکشکاندنی داعش لە موسڵ رووبەڕووی حکومەتی زۆرینەی شیعەی عێراق دەبێتەوە بەتایبەتی لە مامەڵەکردن لە گەڵ سوننە و کورد.
بەرپرسی ئاژانسی هەواڵگری سەربازی ئەمەریکی راشیگەیاند: "چارەسەرکردنی پرسی کەرکووک و کێڵگە نەوتییەکان و داهاتی نەوت، رووبەڕووبوونەوەی سیاسی زۆر گەورەن لە بەردەم حکومەتی عێراقدا".
ئەوە یەکەمجارە بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بەو راشکاوییە باس لە سەربەخۆبوونی هەرێمی کوردستان بکات.