راهێنه‌رێكی ئیتاڵی ده‌یه‌وێت به‌ڵێنه شێتانه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات
داڤید نیكۆلا، راهێنه‌ری یانه‌ی كرۆتۆنی، دوای ئه‌وه‌ی یانه‌كه‌ی له دابه‌زین بۆ خولی پله‌دووی ئیتاڵیا رزگار كرد، بڕیاریدا به‌ڵێنه شێتانه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، 29 ئایاری 2017، داڤید نیكۆلا، راهێنه‌ری یانه‌ی كرۆتۆنی، به پێگه‌ی Sky Sportsـی ئیتاڵیای راگه‌یاند كه به‌ڵێنی دا بوو ئه‌گه‌ر یانه‌كه‌ی له سێریا ئه‌ی ئیتاڵیا بهێڵێته‌وه له شاری كرۆتۆنی به بایسكیل بۆ شاری تۆرینۆ بچێت كه دوورییه‌كه‌ی 1300 كیلۆمه‌تره.
یانه‌ی كرۆتۆنی ئه‌م وه‌رزه بۆ یه‌كه‌مینجار له مێژوودا به‌شداریی له سێریا ئه‌ی ئیتاڵیا كرد، له كۆتاییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه له دابه‌زین نزیك بوو، به‌ڵام له دوایین یاری له سێریا ئه‌ی، به بردنه‌وه‌ی له یانه‌ی لازیۆ مانه‌وه‌ی له خولی پله‌یه‌كی ئیتاڵیا مسۆگه‌ر كرد.