بۆچی، چـانـسی یوڤێنتۆس بۆ بردنه‌وه‌ی ناسناوی چامپیۆنزلیگ له‌ ڕیال مەدرید زیـــاترە؟!

نووسینی: بەرھەم جه‌لال

ھەر یەک لە یانەکانی (ڕیاڵ مەدرید ـ یوڤێنتۆس)، دوو شیاوترین، بەھێزترین، ئامادەترین و لێھاتوترین یانەی ئەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەکــان بوون بۆ گـەیشتن به‌ فایناڵی کاردێف.

ھەر دوو یانە لە ئێستادا نایابترین ئاسـتیان پیشاندا لە خولی نێوخۆیاندا، ھەر لەبەر ئەمەش بوون بە پاڵەوانی خوولەکان، یۆفانتۆس ئامانجێتی ئەم وەرزە به‌ده‌ستخستنی ناسناوی یانە پاڵەوانەکــان مـێژوو بنوسێتەوە و سێ گرنگترین نازناوی وەرز لە ئامێز بگرێت.

  ھەرچی شاھانەکانە دەیانەوێت دوای 50 ساڵ شاد ببنەوە بەنازناوی خول و یانە پاڵەوانەکــان لەیەک وەرزدا، کاتێک ھەر دوو یانە لەژێر ئەم ئامانجە گەورە و ستراتیژیانە دەجەنگن زۆر قـورسـە بەڕێژەی ڕەھا بڵێی ئەم یانەیان شیاوی بوون بە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگه‌!

یوڤێنتۆس - ڕیاڵ مەدرید

دوو قوتابخانەی جیاوازن، خاوەنی کلتور و پێناسەی تایبەت بەخۆیان، یوڤی زیاتر مەیلی بەرگری ھەیە، شاھانە زیاتر مەیلی ھێرشبەری ھەیە، بۆیە بێ ھیچ دوو دڵیەک تەنھا کار لەسەر ھەڵەی یەکدی دەکـەن، دواتر کـەرەستە و کوالێتی یاریزانەکان پشکی شێریان دەبێت لە گۆڕانگاری لە ئەنجامی یارییەکەدا.

 پێکھاتەی ھەر دوو یانە

لە ئێستادا ھەر دوو یانە بەھێزترین پێکھاتەیان ھەیە، چ ئەوانەی بنەڕەتین، چ ئەوانەی یه‌ده‌گن، ھەر دوو جۆریان ھاوتای یەکترن، بەڵام یوڤێنتۆس یاریزانەکانی زیاتر ئەزمووندارترن، توندترن، ئامادەترن، بۆیە ئەمە چانسێكی زیاترە بۆ بوون بەپاڵەوان.

عه‌قڵییه‌ت و بیركردنه‌وه‌ی ڕاھێنەران

ماسیملیانۆ ئالێگری و زێنەدین زێدان، دوو بەھێزترین كه‌سایه‌تی تۆپی پێن، خاوەنی خوێندنەوەی تایبەت بەخۆیانن، خاڵی بەھێزی زیزۆ بریتیە لەوەی توانای ڕاگرتنی قورسای یارییەکانی ھەیە، ئەسـتەمە بھێڵێت یاریزانەکان لەڕووی واقیع و دەرونی بڕوخێن!

 ئەوەی جێگای سەرنجە لەسەر زێدان گۆڕانکاریەکانییەتی، چ لە گۆڕینی یاریزانەکان بێت یاخود لە گۆڕانکاری شێوازی یارییەکە بێت، بەڵام ئالێگری ئەزمووندارترە، بەتایبەت لەم بۆنەیەدا زیاتر ئاشنایە چەندین جار دووچاری شـکست ھاتووە، دواتر زۆر لێزانانە سوودمەند بووە، لە ھەڵەکانی ئەم خاڵەش یوڤی پێش مەدرید ده‌خات.

 لە ڕووی ھونەری "تاکتیکی" یاریەکە چۆن دەبێت؟

ڕیاڵ مەدرید بەگشتی پشت دەبەستێت بە پلانی 4 - 3 - 3 یاخوود 4 - 4 - 2، خاڵی بەھێزی ڕیاڵ لەم وەرزدا ھەر یەکە لە "مارسێلۆ و کارفاخال" بوون، ھاوکات "مۆدریچ" گەر لە کەشی خۆیدابێت ئەوا تەوەری ناوەندی مەدرید یەکجار ھاوسەنگ دەبێت.

یوڤێنتۆس بەگشتی پشت دەبەستێت بە پلانی 4-2-3-1 یاخوود 3-5-2، خاڵی بەھێزی یوڤێنتۆس ھەر یەکە لە "خزێرە، پیانێچ و ڕینکۆن" ھاوکات ھەر دوو باڵ "ساندرۆ  ئالڤێس "کاتێک باڵەکانی ڕیاڵ مەدرید فشار دەکات، کوالێتی ئەو یاریزانانەی ڕووماڵی جێگاکانیان دەکەن لاوازترن بەراورد بەو کوالێتیەی یاریزانەکانی یوڤی، پاشان تێكڕای یاریزانەکانی یوڤی لە ناوەند، لاکان، ھێرشبەر، توانای گۆڵکردنیان ھەیە بەبەراورد بە ناوەند، لاکان، ھێرشبەری ریال مه‌درید.

 یەکێکی تر لە خاڵەکان بریتیە لەوەی چەندێک فشار لەسەر ھێڵی بەرگری یوڤێنتۆس بێت، چاوەڕوان دەکرێت بەرگە بگرێت، چوون شێوازەکەی وا دەخوازێت، بەڵام مەرج نییە ھێڵی بەرگری ڕیاڵ لەو ئاسـتەدا بێت، لە یاری (بایرن میونشن و ئاتڵێتیكۆ مەدرید) بەگشتی ڕیال لە ناوچەی سندوق (ســزا) گۆڵی تۆمارکردووە، بەڵام ئەستەمە بەرامبەر یوڤێنتۆس بەو سانایە مەدریدیەکان بۆیان بره‌خسێ، بۆیە چانسی گۆڵ تەنیا بۆ تۆپ دەبێت لە دەرەوەی ناوچەی سـزا، یاخود سوود لە بۆشایی وەربگرێت.

 تۆپی ھەوای، ئەمەش خاڵێکی ترە بۆ سەرکەوتنی یوڤێنتۆس بەسەر ڕیاڵ مەدرید، چوونكه‌ تەنبا "ڕامۆس، ڤاران و ڕۆناڵدۆ" کارامەن لەم خاڵەدا، بەڵام له‌ یوڤێنتۆس (بۆنۆچی، کیلینی، مانزۆکیچ، ساندرۆ، خزێرە، ھیگواین" کارامەن چ بۆ تۆمارکردنی گۆڵ بێت یاخود دورخستنەووەی مەترسی لەسەر گۆڵ بێت .