ئاسایشی دهۆك: كادیرەكەی یەكێتی لەسەر كاری قاچاغچییەتی دەستبەسەركرابوو

چەندین جار ئاگاداركراوەتەوە كە لە دادگا ئامادەبێت و ئامادەنەبووە

K24 - دھۆك

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای دھۆك رایگەیاند: "کادیرەكەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئامێدی لەسەر  کاری قاچاغچییەتی دەستبەسەرکرابوو، دواتر بە کەفالەت ئازادکرا".

سەرچاوەیەك لە بەرێوبەرایەتی گشتی ئاسایشی دهۆك بە کوردستان24 رایگەیاند: "دەستبەسەرکردنی هۆگر سەلیم, کادیری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە قەزای ئامێدی، پەیوەندی بە بابەتی سیاسییەوە نەبوو، بەڵکو بەپێی یاسای ماددەی 240 تایبەت بە کاری قاچاغچییەتی دەستبەسەرکرابوو".

گوتیشی: "بۆ چەندین جار لایەن دادگای لێکۆڵینەوەی دهۆک داوای لێکراوە کە لە دادگا ئامادەبێت، بەڵام ئامادە نەبووە، بۆیە دوێنێ بڕیاری دەستبەسەرکردنی لە لایەن دادگای لیکۆڵینەوەی دهۆک بۆ دەرچوو بوو، دواتر بە کەفاڵەت ئازادکرا".