حه‌شدى شه‌عبى به‌ هه‌ڵكه‌ندنى خه‌نده‌ق عێراق له‌ سووريا داده‌بڕێت

هێزه‌كانيان له‌ ناوچه‌كانى سنوورى نێوان عێراق و سووريا ده‌ستيان به‌ هه‌ڵكه‌ندنى خه‌نده‌ق كردووه‌.

K24 – هه‌ولێر:

چه‌ند سه‌رچاوه‌يه‌ك له‌ فه‌رمانده‌كانى حه‌شدى شه‌عبى عێراق رايانگه‌ياند، هێزه‌كانيان له‌ ناوچه‌كانى سنوورى نێوان عێراق و سووريا ده‌ستيان به‌ هه‌ڵكه‌ندنى خه‌نده‌ق كردووه‌.

فه‌رمانده‌ى ليواى دووه‌مى حه‌شدى شه‌عبى كه‌ريم خاقانى فه‌رمانى ده‌ركردووه‌، هێزه‌كانى و تيمه‌كانى ئه‌ندازيارى سه‌ربازى له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ده‌ستبكه‌ن به‌ هه‌ڵكه‌ندنى خه‌نده‌قێك و درووستكردنى به‌ربه‌ست له‌ سه‌ر سنوورى نێوان عێراق و سووريا به‌ ئاراسته‌ى هێڵى سنوور تا قه‌زاى قائيمى ئه‌و په‌ڕى پارێزگاى ئه‌نبار.

خاقانى گوتى: هێزه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بن له‌ راوه‌دوونانى چه‌كدارانى داعش و دابڕينى عێراق له‌ سووريا گورزێكى كاريگه‌ره‌ له‌و ده‌وڵه‌ته‌ى كه‌ داعش بنياتى نابوو له‌ عێراق و سووريادا.

 

هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى له‌ 24ى ئه‌م مانگه‌دا گه‌ڕى دووه‌مى ئۆپراسيۆنه‌ سه‌ربازييه‌كانيان بۆ رزگاركردنى ناوچه‌كانى خۆرئاواى قه‌يره‌وان و به‌عاج تا سنوورى عێراق و سووريا ده‌ستپێكردووه‌.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، دوێنێ ئاژانسى هه‌واڵده‌رى رۆيته‌رز بڵاويكرده‌وه‌، هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى رايانگه‌ياند، توانيويانه‌ ژماره‌يه‌ك گوندى هاوسنوورى سووريا كۆنترۆڵ بكه‌ن‌ و به‌وه‌ش رێگه‌ بۆ گه‌ياندنى كۆمه‌ك و هاوكارى سه‌ربازى ئێران بۆ به‌شار ئه‌سه‌د بكه‌نه‌وه‌.

هێرشه‌كه‌ى حه‌شدى شه‌عبى بۆ سه‌ر ئه‌و گوندانه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هێرشه‌ى له‌ ناو سووريادا هێزه‌كانى ئه‌سه‌د و ميليشياكانى ئێران به‌ ئاراسته‌ى سنوورى عێراق ئه‌نجاميانداوه‌.

سه‌رچاوه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانى رژێمى سووريا هۆشداريان داوه‌ له‌ مه‌ترسى پێشڕه‌وى سوپاى سووريا و ميليشياكانى ئێران به‌ ئاراسته‌ى سنوورى عێراقدا.

دوێنێ دووشه‌ممه‌ حه‌شدى شه‌عبى چه‌ند گوندێكى سنوورى باكوورى به‌عاجى كۆنترۆڵ كرده‌وه‌، كه‌ هاوسنوورى سووريان.

 

حه‌شدى شه‌عبى ئامانجى سه‌ره‌كى له‌ هێرشه‌كه‌يدا يه‌كگرتنه‌وه‌ بووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌ى ئه‌سه‌د كه‌ له‌ ناو سووريادا به‌ ئاراسته‌ى سنوورى عێراق پێشڕه‌وى ده‌كرد.

رۆيته‌رز له‌و باره‌يه‌وه‌ نووسيويه‌تى: ئه‌و ناوچه‌يه‌ له‌ ديوى سووريادا كه‌وتووه‌ته‌ ژێر كۆنترۆڵى هێزه‌ كوردييه‌كان كه‌ له‌لايه‌ن ئه‌مريكاوه‌ هاوكارى ده‌كرێن و زياتر ته‌ركيزيان له‌سه‌ر شه‌ڕى داعشه‌ نه‌ك شه‌ڕى ئه‌سه‌د.

تا ئێستا روون نه‌بووه‌ته‌وه‌ ئايا كورده‌كانى سووريا رێگه‌ به‌ حه‌شدى شه‌عبى ده‌ده‌ن زه‌وييه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتيان به‌كاربهێنن بۆ ئه‌وه‌ى خۆيان بگه‌يه‌ننه‌ هێزه‌كانى ئه‌سه‌د و به‌ ئاراسته‌ى باشوور و خۆرئاواى سووريا بڕۆن.

حه‌شدى شه‌عبى له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا، كه‌ له‌ سايته‌كه‌ياندا بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، پێشڕه‌وى به‌ ئاراسته‌ى سنوورى سووريا موعجيزه‌ى ره‌مه‌زانه‌.

له‌ ئێستادا شه‌ڕ له‌ خۆرئاواى مووسڵ به‌رده‌وامه‌ و هێزه‌ ئه‌منييه‌كانى عێراق ده‌يانه‌وێت دوايين ژماره‌ى چه‌كدارانى داعش له‌ مووسڵ وه‌ده‌ربنێن.

كۆمارى ئيسلامى ئێران له‌ راهێنان و رێكخستنى هه‌زاران چه‌كدارى شيعه‌ ئاينزا له‌ عێراق، ئه‌فغانستان و پاكستاندا رۆڵى سه‌ره‌كى گێڕاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هاوكارى رژێمى ئه‌سه‌د بكه‌ن و هه‌روه‌ها چه‌كدارانى حزبوڵڵاى لوبنان له‌ سووريا له‌ نزيكه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتى شه‌ڕه‌كان ده‌كه‌ن و له‌ سه‌نگه‌رى به‌شار ئه‌سه‌ددان.

هه‌شت مانگ به‌سه‌ر شه‌ڕى مووسڵدا تێده‌په‌ڕێت و هێزه‌ ئه‌منييه‌كان توانيويانه‌ له‌ زۆرينه‌ى ره‌هاى گه‌ڕه‌كه‌كانى مووسڵ چه‌كدارانى داعش ده‌رپه‌ڕێنن و ته‌نيا له‌ رۆژئاواى ديجله‌ چه‌ند مۆڵگه‌يه‌كى داعش ماوون.