تره‌مپ ژماره ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی ده‌داته سه‌رۆكی وڵاتان
سه‌رۆكه‌كان خۆشحاڵن و لایه‌نه په‌یوه‌ندداره‌كان نیگه‌ران بوون
K24 - هه‌ولێر:
خه‌ریكه وای لێدێت، هه‌ر هه‌ڵوێست و كار‌و هه‌ڵسوكه‌وتێك له دۆنالد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا ببینرێت، لای مرۆڤ مایه‌ی سه‌رسامی و شۆك نه‌بێت، چونكه ئه‌و زۆر هه‌نگاو ده‌نێت كه سه‌رۆكه‌كانی پێش ئه‌و ئه‌نجامیان نه‌داوه. ئه‌مجاره تره‌مپ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆك و سه‌ركرده‌كانی جیهان راسته‌وخۆ، په‌یوه‌ندی به مۆبایله‌كه‌ی خۆیه‌وه بكه‌ن، ژماره‌ی تایبه‌تی خۆی داوه به سه‌رۆكی وڵاته‌كان، پێی گوتوون" راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به خۆمه‌وه بكه‌ن و هه‌موو ئه‌و كه‌ناڵه دیپلۆماسیانه‌ی فه‌رامۆشكردووه كه په‌یوه‌ندی نێوان سه‌رۆكه‌كان رێكده‌خه‌ن.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی"ئه‌سوشیتد پرێس" ئه‌م هه‌نگاوه‌ی تره‌مپ ده‌رباره‌ی نهێنی په‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌رۆك كه فه‌رمانده‌ی باڵای سوپای وڵاتیشه، ترس و نیگه‌رانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه.
بۆیه به‌رپرسانی ئه‌مریكی ده‌ڵێن" تره‌مپ ژماره‌ی تایبه‌تی خۆی داوه به سه‌رۆكوه‌زیرانی كه‌نه‌دا و سه‌رۆكی مه‌كسیك. ئه‌وه‌شیان روونكردووه‌ته‌وه كه جاستن ترۆدۆی سه‌رۆكوه‌زیرانی كه‌نه‌دا به‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی تره‌مپ زۆر خۆشحاڵ بووه".
جگه له‌وه، له یه‌كه‌م دیداری نێوانیاندا، دۆناڵد تره‌مپ ژماره‌كه‌ی خۆی داوه به "ئیمانوێل ماكرۆن" سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا و ژماره‌كه‌ی ئه‌ویشی وه‌رگرتووه، به‌ڵام به‌رپرسانی فه‌ڕه‌نسی ره‌تیانكردووه‌ته‌وه باسی ئه‌وه بكه‌ن ئایا تره‌مپ خۆی ژماره‌كه‌ی داوه به ماكرۆن یان ئه‌و ئاڵوگۆڕه چۆن بووه؟.
له دۆخی ئاسایی‌دا، په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی نێوان سه‌رۆكی وڵاتان به رێگه‌ی كه‌ناڵه دیپلۆماسییه‌كان رێكده‌خرێت، رێوشوێنی ئه‌منی توند بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه له به‌رچاوگیراوه. به‌ڵام تره‌مپ كه له ده‌سته و دامه‌زراوه ئاساییه‌كان بێزار بووه، رێگه‌یه‌كی دیكه‌ی بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه دۆزیوه‌ته‌وه.
شاره‌زایانی ئاسایش له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێن" مۆبایله تایبه‌ته‌كه‌ی تره‌مپ له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی هاككرداندایه له ده‌ره‌وه، ته‌نانه‌ته ئه‌گه‌ر مۆبایله‌كه حكومه‌تیش بۆی درووستكردبێ، چونكه پێشتر سه‌رۆكه‌كانی ئه‌مریكا، هێڵی ته‌له‌فۆنی پارێزراویان له كۆشكی سپی بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌كارهێناوه".