وڵاتێك زیندانه‌كانی داده‌خات و به‌ندكراو له وڵاتانی دیكه‌وه "هاورده" ده‌كات
رێژه‌ی تاوان له هۆڵه‌ندا وای له حكومه‌ت كردووه زیندانه‌كانی دابخات و زیندانی له وڵاتانی دیكه‌وه بهێنێت
K24 - هه‌ولێر:
هۆڵه‌ندا له كۆتایی هاوینی ئه‌مساڵدا 5 گرتوخانه‌ی دیكه داده‌خات، ئه‌و هه‌نگاوه‌ش پاش ئه‌وه دێت به هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی تاوانباران، له ساڵی 2013 دا ئه‌مستردام 19 گرتووخانه‌ی دیكه‌ی داخستبوو.
به داخستنی ئه‌و 5 زیندانه‌ی دیكه‌ش، نزیكه‌ی 1000 فه‌رمانبه‌ر زیاد ده‌بن و 700 فه‌رمانبه‌ریان بۆ جێبه‌جێكردنی یاساكانی وڵاته‌كه ده‌گوازرێنه‌وه فه‌رمانگه‌كانی دیكه‌ی ده‌وڵه‌ت.

په‌نابردنی هۆڵه‌ندا بۆ داخستنی گرتووخانه‌كان، له ساڵی 2004 وه ده‌ستیپێكردووه، چونكه له‌و كاته به دواوه، رێژه‌ی تاوان له‌و وڵاته‌دا زۆر كه‌میكردووه.
كێشه‌ی چۆڵبوونی زیندانه‌كانی هۆڵه‌ندا، بووه خاڵێك پاڵی به حكومه‌تی ئه‌و وڵاته‌وه ناوه تا به‌ندكراو له وڵاتانی دیكه‌وه هاورده بكات. له‌و چوارچیوه‌یه‌شدا مانگی سێپته‌مبه‌ری ساڵی رابردوو 240 زیندانیی له وڵاتی نه‌رویجه‌وه هێنایه زیندانه چۆڵه‌كانی هۆڵه‌ندا.
ئارد ڤان دێر ستوور، وه‌زیری دادی هۆڵه‌ندا له به‌رده‌م په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی رایگه‌یاند" مانه‌وه‌ی گرتووخانه‌كان به چۆڵی و بێ كاریی، خه‌رجییه‌كی زۆری له‌سه‌ر ئه‌م وڵاته بچووكهمان هه‌یه".

هۆكاری زۆر هه‌ن وایانكردووه رێژه‌ی تاوان له هۆڵه‌ندا كه‌مبێته‌وه، یه‌كێك له‌وانه یاسا نه‌رمه‌كانی ئه‌و وڵاته‌یه، به تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به ماده‌هۆشبه‌ره‌كان و به‌رنامه‌ی سه‌رله‌نوێ ئاماده‌كردنه‌وه‌ی به‌كارهێنه‌رانی و سیستمی چاودێری ئه‌لیكترۆنی پێشكه‌وتوو.
له هۆڵه‌ندا له هه‌ر 100 هه‌زار كه‌س 69 كه‌س زیندانین، له كاتێكدا ژماره‌ی دانیشتوانی ئه‌و وڵاته 17 ملیۆن كه‌سن. به‌ڵام له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له هه‌ر 100 هه‌زار كه‌س 716 كه‌س زیندانین و ئه‌مه‌ش به‌رزترین رێژه‌یه له‌سه‌ر ئاستی جیهان.