داعش ماڵی ھاووڵاتیانی مووسڵ دەسوتێنێ

ھەركەسێك ھەوڵی ھەڵاتن بدات دەیكوژن

K24 - ھەولێر

چەكدارانی داعش لە رۆژئاوای مووسڵ خانووی ھاووڵاتیان دەسوتێنن و ھەركەسێكیش ھەوڵی ھەڵاتن بدات دەیكوژن.

فەریق روكن رائد شاكر جەودەت، فەرماندەی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند، تاكو ھێزەكانمان پێشڕەوی زیاتر بكەن، داعش ھاووڵاتیان لەخۆی كۆدەكاتەوە و وەك قەڵغان بەكاریان دەھێنێت و ھەركەسێكیش ھەوڵی راكردن بدات، دەیكوژن، بۆ خۆپاراستنیش لەبۆردوومانە ئاسمانییەكان خانووی ھاووڵاتیان دەسوتێنن.

جەودەت، پاڵپشتی ھێرشە ئاسمانییەكانی ھاوپەیمانانیشی بە باش و كاریگەر پێناسەكرد.

ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی مووسڵ رۆژی 17 تشرینی یەكەمی 2016 بە بەشداری ھەر یەك لە ھێزەكانی پێشمەرگە و عێراقی دەستیپێكرد و لە سەرەتادا ھێزەكانی پێشمەرگە ناوچەكانی دەروبەری مووسڵ بەتایبەتی لە باكوور و رۆژھەڵاتی شارەكە كۆنترۆڵكرد و رێگەیان بۆ چوونە ناوەوەی ھێزەكانی عێراق بۆ ناو مووسڵ كردەوە.