خاڵی لاواز و به‌هێزی ریال مه‌درید و یوڤێنتۆس

جـەنگی کــاردیف لە وێڵز

نووسینی: هـەکاری قانـع

ئـەمشەو گرینگترین بــۆنەی وەرزشی ئەوروپایە، به‌وپێیه‌ی دوایین یاریی ئه‌م وه‌رزه‌ی چامپیۆنزلیگ لە کاردیف بەڕێوە دەچێت، یارییەکە لە نێوان دوو ڕێکخراوترین تیپی ئەم وەرزەیە كه‌ تێیدا یۆڤێنتۆس و ڕیال مـەدرید به‌ره‌نگاری یه‌كتر ده‌كاته‌وه‌.

پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ کێ لە سەرکەوتن نزیکە؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی ئەو یانەیەی کە هەڵەی تیپی ڕکابەر دەقۆزێتەوە، هەردوو یانە لەم یارییەی ئەمشەودا چاویان لە هەڵەی بەرامبەرەکەیەتی، یۆڤێنتۆس ئەم وەرزە بەهێزترین یۆڤێنتۆسی چەند ساڵی ڕابردووە و زۆر بە بەهێزیەوە هاتۆتە کێبڕكێی جامەکەوە، ڕیال مەدریدیش بە سەرەتایەکی خراپ و کۆتایەکی باشەوە ئەم وەرزە نزیکە لە بەدەست هێنانی دووەم ناسناو.

 خاڵی به‌هێز یوڤێنتۆس چییه‌؟

خاڵی بەهێزی تیپەکە ئەوەیە کە تیپێکی ئیتاڵی سروشتیە لە یاری کردندا، بە تایبەت لە بەرگریدا کە خاڵی بەهێزی تیپەکەیە و تاکوو ئێستا تەنیا 3 گۆڵیان لەسەر تۆمارکراوە، زۆر گرینگە گەر تیپی وڵاتێك بە هەمان ستایلی وڵاتەکە یاری بکات و سوودی لێ ببینێ.

 بۆ نمونە کێشەی بایرن لە ماوەی 4 ساڵی ڕابردوودا تەنیا ئەوەیە کە لە سروشتی یانە ئەڵمانیەکە دەرچووە، بەڵام یۆڤی بەهۆی بەرگریکارە ئیتاڵیەکان و گۆڵپارێزە نایابەکەیەوە تاکو ئێستاش ئیتاڵێەکی سرووشتیە، جگە لەوەی کە یۆڤی خاوەنی باشترین ڕاهێنەری 4 ساڵی ڕابردووی ئەوروپایە و هیچ ڕاهێنەرێک لە ئێستادا هێندەی ئەلێگری بیر کراوە و نایاب نییە، تەنیا کێشەی ئەوەیە کە ڕۆژنامەکان گەورەی ناکەن و خوودی ئەلێگریش لێدوان بۆ ڕۆژنامەکان زۆر بە کەمی دەدات، خاڵێکی تری بەهێزی یۆڤێنتۆس هێرشە پێچەوانەکانییەتی یۆڤی لە پلانی کۆنتراتاکدا تیپێکی بەهێزە و چەکی بەهێزی هەیە کە دیبالا و کوادرادۆ و پیانیچ سەرکردایەتی پلانەکە دەکەن.

خاڵی لاوازی یوڤی

 خاڵی لاوازی یانه‌ی یوڤێنتۆس ئەوەیە کە یاریزانی یەدەگی زۆر باشی نییە کە بتوانن ئەنجامی یاری بگۆڕن و ڕاهێنەر متمانەی گەورەیان پێ بدا، له‌ به‌رامبه‌ردا ریال مه‌درید ته‌واو پێچه‌وانه‌ی یانه‌ی خانمه‌پیره‌كه‌یه‌.

ریال مه‌درید خاڵێكی به‌هێزی هه‌یه‌ كه‌ هیچ یانه‌یه‌ك نیه‌تی

خاڵی بەهێزی یانەکە ئەوەیە کە ڕیال مەدریدە، کە دەڵێم ڕیال مەدرید یانی پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و باشترین یانەی چامپیۆنزلیگ کە خاوەنی زۆرترین جامی ئەم پاڵەوانەتیەیە، بەڵام لەسەرووی هەموو شتێکەوە ڕیال مەدرید بە سەرکردایەتی زیدان بە باروودۆخێکی زۆر باشدا تێپەڕ دەبێت.

 ریال مه‌درید خاڵێکی بەهێزی هەیە کە هیچ یانەیەک نیەتی، ئەویش یاریزانە یەدەگەکانە کە هێندەی یاریزانە سەرەکیەکان کاریگەرن، ڕیال مەدرید خاوەنی زیدانە و زیدان لە ماوەی ساڵێكدا کاری مەزنی لە تیپەکەدا ئەنجامدا.

ئه‌و یانانه‌ی هاوشێوەی ڕیال مەدرید کە خاوەنی پێكهاتەیەکی بەهێزە لە سەرەکی و یەدەگیشدا، بەر لەوەی پێویستی بە ڕاهێنەرێک بێ کە پلانی هەبێ، پیویستی بە ڕاهێنەرێکە کە لای یاریزانەکان خۆشەویست بێت، تاکوو لە پێناویدا بجەنگن کە لەم ڕوەشەوە زیدان خاوەنی کەسایەتیەکی خۆشەویستە لە تیپەکەدا.

خاڵی لاوازی ریال مه‌درید

 خاڵی لاوازی ڕیال مەدرید ئەوەیە کە بەرامبەر یۆڤێنتۆسی تینووی پاڵەوانەتیەکە یاری دەکات، لە هەمان کاتدا بەرامبەر تیپێک یاری دەکات کە ڕیال مەدرید ئەرکی زەحمەت دەبێت لە درووست کردنی هەلی گۆڵکردن، به‌وپێیه‌ی زۆربەی گۆڵەکانی ڕیال مەدرید بە تۆپی بەرز و لێدانی سەر تۆمار دەکرێن کە ئەمەش بەرامبەر تیپێکی وەکوو یۆڤێنتۆس بە زەحمەت ئەنجام دەدرێت.