سوپاى عێراق: له‌ 48 كاتژمێرى رابردوودا 230 هاووڵاتى مه‌ده‌نى له‌ خۆرئاواى مووسڵ كوژراوون

ئه‌و هاووڵاتيانه‌ له‌ ئاكامى بۆردومانى فڕۆكه‌ عێراقييه‌كان و شه‌ڕى چه‌كدارانى داعش كوژراوون.

K24 – هه‌ولێر:

ته‌نيا له‌ ماوه‌ى 48 كاتژمێرى رابردوودا 230 هاووڵاتى مه‌ده‌نى له‌ خۆرئاواى مووسڵ كوژراوون و سه‌رچاوه‌يه‌كى ئه‌منى عێراقيش ئه‌و زانيارييه‌ پشتڕاستده‌كاته‌وه‌ و رايده‌گه‌يه‌نێت، ئه‌و هاووڵاتيانه‌ له‌ ئاكامى بۆردومانى فڕۆكه‌ عێراقييه‌كان و شه‌ڕى چه‌كدارانى داعش كوژراوون.

موقه‌ده‌م ره‌زا عه‌بدوڵڵا به‌هادلى، به‌رپرسى يه‌كه‌ى ره‌سد و چاودێرى له‌ هێزه‌كانى ده‌ستتێوه‌ردانى خێرا له‌ خۆرئاواى مووسڵ رايگه‌ياند، ئێواره‌ى دوێنێ شه‌ممه‌ 157 هاووڵاتى كه‌ زۆرينه‌يان ژن و منداڵ بوون، ده‌يانويست له‌ گه‌ڕه‌كى زنجيلى خۆرئاواى مووسڵه‌وه‌ رابكه‌ن، له‌ لايه‌ن داعشه‌وه‌ كوژراوون.

گوتيشى: له‌ ئاكامى بۆردومانى فڕۆكه‌ عێراقييه‌كانيش بۆ سه‌ر گه‌ڕه‌كى شيفا له‌ باكوورى خۆرئاواى مووسڵ 43 هاووڵاتى مه‌ده‌نى گيانيان له‌ده‌ستدا.

به‌هادلى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، له‌ ئاكامى هێرشى هێزه‌ عێراقييه‌كان بۆ سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌كانى بورسه‌، زنجيلى، ده‌روازه‌ى شنگال، باب تۆب، له‌ خۆرئاواى مووسڵ 30 هاووڵاتى ديكه‌ گيانيان له‌ده‌ستداوه‌.