یۆڤێنتۆس سوودمەندی یەکەمی چامپیۆنزلیگ بوو

یه‌كه‌مجاره‌ به‌ درێژایی مێژوو ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ی هه‌بێت

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی یانه‌ی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵیا، لە شاری کاردیفی وێلزی،  ناسناوی چامپیۆنزلیگی لەسەر دەستی ریال مەدردیدی ئیسپانیا لەدەستدا، بەڵام زۆرترین داھات و سامانی بەدەستھێنا، کە بە درێژای مێژووی ئەم پاڵەوانییه‌تییە ڕووینەداوە.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، 5 حوزه‌یرانی 2017، پێگەی (کالچیۆ ئیفینانزا)ـی ئیتاڵیا کە تایبەتمەندە بە په‌یوه‌ندی تۆپی پێ و ئابووری، له‌ راپۆرته‌ هه‌واڵێكدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ خەڵاتی دارای یۆڤێنتۆس دەگاتە ١٠٩  ملیۆن یۆرۆ، ئەگەر لە یاریی کۆتایدا براوەبا ئەوکات ٤ ملیۆن یۆرۆی تری وەردەگرت.

به‌ گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه‌، ئەمە یەکەم یانەی ئیتاڵیایه‌ شایستە دارایەکانی لەم پاڵەوانەتییەدا  لە سەرووی ١٠٠ ملیۆن یۆروە بێت, لەکاتێدا ریال مەدرید بڕی ٨٠.٩ ملیۆن یۆرۆی بەردەکەوێت، کە براوەی جامەکەیە.

ھۆکاری سەرەکی ئەم داھاتە زۆرەی یۆڤی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە رێژەی خەڵاتەکانی زیادی کردووە، لەسەر بنەمای ژمارەی یانە بەشداربووەکانی وڵاتێک پاشان له‌سه‌ر چه‌ندایه‌تی له‌ گرێبەستی گواستنەوەی یارییەکان و ریکلامە بازرگاینەکانیان لەم وڵاتدا، بەھۆی سەرنەکەوتنی رۆما لە قۆناخی کۆمەڵەکان و شکستی ناپۆلی لە قۆناخی شازدە راستەوخۆ پشکی شێر لە داھاتی "مارکێت پوول"  بۆ وڵاتی ئیتاڵیا  بەر یۆڤێنتۆس کەوت.

ناپۆلی نیوەی یۆڤی بەرکەوت دەگاتە ٦٥.٧،  ئاتڵێتیکۆ مەدریدیش بڕی  ٥٩.٩ ملیۆن یۆرۆی پێدراوە، کە گەیشتە قۆناخی پێشكۆتایی.

ئاماده‌كردنی: بارزان ئه‌كره‌م