پوتن و ئه‌ردۆغان داواى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى وڵاتانى كه‌نداو له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر ده‌كه‌ن
رووسيا لايه‌نگرى گفتوگۆى نێوان لايه‌نه‌كانه و سه‌قامگيرى كه‌نداو به گرنگ ده‌زانێت.
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكى رووسيا ڤلاديمێر پوتن له په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى توركيا ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان پرسى قه‌يرانى نێوان قه‌ته‌ر و ژماره‌يه‌ك وڵاتى كه‌نداوى تاوتوێكرد و جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، كه رووسيا لايه‌نگرى گفتوگۆى نێوان لايه‌نه‌كانه و سه‌قامگيرى كه‌نداو به گرنگ ده‌زانێت.
سه‌رۆكايه‌تى رووسيا له باره‌ى په‌يوه‌ندى ته‌له‌فۆنى نێوان پوتن و ئه‌ردۆغانه‌وه راگه‌يه‌ندراوێكى بڵاوكرده‌وه و تێيدا رايگه‌ياند، هه‌ردوو سه‌رۆك داوايان له لايه‌نه‌كانى ئه‌و كێشه‌يه كردووه، به رێگه‌ى وتوێژ بگه‌نه چاره‌سه‌رێكى ته‌وافقى له پێناو پارێزگاريكردن له ئاسايش و ئارامى و سه‌قامگيرى ناوچه‌كه.
هه‌روه‌ها هاتووه: هه‌ردوو سه‌رۆك جه‌ختيان له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه، ئه‌و ره‌وشه‌ى ناوچه‌كه پێيدا گوزه‌ر ده‌كات پێويستى به هه‌ماهه‌نگى و هاوكارى به‌تينى نێوان ده‌وڵه‌تان هه‌يه.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 5ى حوزه‌يران/ يۆنيۆى 2017، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا مه‌ولوود چاوش ئۆغڵۆ رايگه‌ياند، ده‌كرێت توركيا به‌شدارى بكات له چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى نێوان وڵاتانى كه‌نداو به رێگه‌ى ئاشتييانه و گفتوگۆ.
چاوش ئۆغڵۆ گوتيشى: توركيا هه‌ر جۆرێك له جۆره‌كانى هاوكارى پێشكه‌شده‌كات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و دۆخه بۆ بارى پێشووى خۆى.
وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا په‌ژاره و نيگه‌رانى خۆى بۆ تێكچوونى په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان قه‌ته‌ر و ژماره‌يه‌ك وڵاتى عه‌ره‌بى كه‌نداو ده‌ربڕى.
هه‌روه‌ها گوتى: هه‌موومان هه‌ست به نيگه‌رانى ده‌كه‌ين و له‌و بڕوايه‌داين سه‌قامگيرى ناوچه‌كه و كه‌نداو به‌نده به يه‌كبوون و يه‌كێتى نێوانيان و ئه‌وه‌ش يه‌كبوون و يه‌كێتى ئێمه‌يه و توركيا له‌و پێناوه‌دا تێده‌كۆشێت.
ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه كرد، ناوچه‌كه گرفتارى كێشه‌ى زۆر بووه‌ته‌وه، له‌وانه تيرۆر، توندڕه‌وى، تائيفييهت، ترس له ئيسلام و له‌و رووه‌وه پرسه‌كان پێويستيان به كارى هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگى زۆرتر هه‌يه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌يان.
هه‌روه‌ها گوتى: بێگومان ده‌كرێت كێشه له نێوان وڵاتان سه‌رهه‌ڵبدات و جياوازى بيروڕا بێته ئاراوه، به‌ڵام ئه‌له هه‌موو دۆخێك‌دا پێويسته هه‌مووان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ گفتوگۆ و به‌رده‌وامى په‌يوه‌ندييه‌كانيان به ئامانجى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان به رێگه‌ى ئاشتييانه.
ئه‌مڕۆ هه‌ريه‌ك له سعووديه، ميسر، ئيمارات، به‌حره‌ين، يه‌مه‌ن و ليبيا په‌يوه‌ندييه ديپلۆماتييهكانيان له‌گه‌ڵ وڵاتى قه‌ته‌ر پچڕاند و به هاوكاريكردنى تيرۆر و رۆڵى شه‌ڕانگێزانه تۆمه‌تباريان كرد، به‌ڵام تا ئێستا ميرنشينى عه‌مان و كوه‌يت په‌يوه‌ندييه‌كانيان له‌گه‌ڵ ده‌وحه نه‌پچڕاندووه.