شكستێكی دیكه‌ی بارسێلۆنا به‌رامبه‌ر ریال مه‌درید

بەپێی توێژینەوەی سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی بەریتانیا، ریال مەدرید بەهێزترین مارکەی تۆپی پێیە لە جیهاندا بە پشتبەستن بە پێوەرەکانی نرخی یاریزانان و فانەکانی لە سۆشیال میدیا و داهاتی ساڵانەی نمرەی ٩٦.١ـی بەدەستهێناوە و بارسێلۆنا و بایرن میونشنیش دووەم و سێیەمن.

ماڵپەڕی براند فاینانسی بەریتانی له‌ توێژینه‌وه‌یه‌كدا ئاشكرای كردووه‌ كه‌ ریال مەدرید بەهێزترین مارکەی جیهانی تۆپی پێیە، کە ماڵپەڕەکە لە توێژینەوەکەیدا قەبارەی یاریگە، نرخی یاریزانان، ژمارەی فانەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەنجام و دەستکەوتەکانی و رەزامەندی هاندەرانی و داهاتی ساڵانی کردووتە پێوەر.

ریال مەدرید نمرەی ٩٦.١ی لەسەر ١٠٠ بەدەستهێناوە و بە گرانبەهاترین و بەهێزترین مارکەی ئێستای تۆپی پێی جیهان دادەنرێت.

بارسێلۆنا پله‌ی دووه‌می گرتووه‌

بارسێلۆنای ئیسپانی لە پلەی دووەم دێت و مارکەی بارسێلۆنا نمرەی ٩٦.١ـی بەدەستهێناوە و لە دوای ریال مەدریدی رکابەری دێت، کە رکابەرەکەی ئەم وەرزە دووانەی لالیگا و چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا.

بایرن میونشن پله‌ی سێییه‌می گرتووه‌

بایرن میونشنی ئەڵمانیا ٩٢.١ـی لە ریزبەندی بەهێزترین مارکەکانی تۆپی پێ بەدەستهێناو و باڤارییەکان لە پلەی سێیەمی ریزبەندی ماڵپەڕە بەریتانییەکە دێن.

شه‌یتانه‌ سووره‌كانیش له‌ پله‌ی چواره‌م دێن

مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزیش بە نمرەی ٩١.٤ لە پلەی چوارەم دێت و رێد دێڤلزیش لە ریزی پێشەوەی مارکە بەهێزەکان دێت.

خانمه‌ پیره‌كه‌ له‌ پله‌ی پێنجه‌م جێگیر بووه‌

یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی کە گەیشتە فیناڵی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ و دووانەی جام و خولی ئیتاڵیای بەدەستهێنا، بەپێی پێوەرەکانی براند فاینانس ٩٠.٥ی بەدەستهێناوە و پێنجەم براندی بەهێزی تۆپی پێی جیهانە.

یانه‌كانی دیكه‌

یانەکانی لیڤەرپوول، ئارسێناڵ، چێڵسی و مانچێستەر سیتیش پلەکانی شەشەم تاکو نۆیەمیان گرتووە و ئەم چوار یانە ئینگلیزییەش لە ریزی بەهێزترین براندەکانی تۆپی پێ پلەکانی پێشەوەیان گرتووە.

پاریس سانجێرمان کە بەمدواییانە لەلایەن قەتەڕییانەکانەوە خاوەندیارییەتی دەکرێن و ئەم وەرزە نەیتوانی ببێتە پاڵەوانی لیگ١، بە نمرەی ٨٢.٧ دەیەمین بەهێزترین مارکەی تۆپی پێیە لە جیهاندا.