ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی تەلەعفەر و حەویجە دەست پێدەكات

سەرۆك وەزیرانی عێراق: هێزەکانی عێراق دەربازی سنووری هیچ وڵاتێک نابن

K24 - ھەولێر

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد بەمزووانە شارۆچکەکانی تەلەعفەر و حەویجە لەژێر دەستی داعش رزگار دەکەن، راشیدەگەیەنێت، هێزەکانی عێراق دەربازی سنووری هیچ وڵاتێک نابن.

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکاتی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی حەشدی شەعبی رایگەیاند، هێزەکانی حەشدی شەعبی ئەو دەرگا سنوورییەیان داخست، کە چەکدارانی داعش لێیەوە دەهاتنە نێو خاکی عێراق، هەروەها ئەو ناوچانەی حەشد کۆنتڕۆڵی کردوونەتەوە، حکومەتەکانی پێشووتری عێراقیش نەیانتوانیوە کۆنتڕۆڵی بکات.

 گوتیشی، گرنگە جەخت لەسەر یەکڕیزی نێوانمان بکەینەوە و لە ناکۆکییەکان دووربکەوینەوە.

عەبادی جەختیشیکردەوە، هێزەکانی عێراق لە دوا هەنگاوەکانی سەرکەوتن و کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی خاکی عێراق نزیکبوونەتەوە.