ژمارەی چەكدارانی داعش لە مووسڵ ئاشكرا دەكرێت
"شەڕی ئەم چەند رۆژە سەخترین شەڕی ھەشت مانگی رابردوون"
K24 - ھەولێر
نەجم جبووری فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی نەینەوا بۆ رۆژنامەی تەلگرافی بەریتانی ئاشكرایكردووە، ھیوامان دەخواست، لە 10 حوزەیران كە رۆژی داگیركردنی مووسڵە، شارەكە كۆنتڕۆڵ بكەینەوە، بەڵام شەڕی ئەم چەند رۆژە توندترین و سەخترین شەڕی ھەشت مانگی رابردوون.
جبووری ژمارەی چەكدارە عێراقییەكانی داعشی بە 700 چەكدار و بیانییەكانیشی بە 250 چەكدار لەقەڵەمدا، كە تاكو ئێستا لە رۆژئاوای مووسڵدان و شەڕ دەكەن.
ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی مووسڵ رۆژی 17 تشرینی یەكەمی 2016 بە بەشداری ھەر یەك لە ھێزەكانی پێشمەرگە و عێراقی دەستیپێكرد و لە سەرەتادا ھێزەكانی پێشمەرگە ناوچەكانی دەروبەری مووسڵ بەتایبەتی لە باكوور و رۆژھەڵاتی شارەكە كۆنترۆڵكرد و رێگەی چوونە ناوەوەی ھێزەكانی عێراقیان بۆ ناو مووسڵ كردەوە.