وەزیری پێشووی ناوخۆی ئیسرائیل: دەبێ ئیسرائیل و ئەمریکا پاڵپشتی ریفراندۆم بکەن

"داوای پاڵپشتیکردنی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان دەکات"

K24 - ھەولێر

گیدیۆن سەعار، وەزیری پێشووی ناوخۆی ئیسرائیل داوا لە حکومەتی ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات، رۆڵێکی ئەرێنی لە پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان بگێڕن.

لە لێدوانێكدا بە ماڵپەڕی ئورشەلیم پۆست گیدیۆن سەعار جەختیکردەوە، هەرێمی کوردستان رۆڵێکی بەرچاوی لە شەڕی دژی داعش گێڕاوە و بەردەوام مافەکانیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کە شیعەکان پێشڕەوی دەکەن پێشێل دەکرێت و داوای لە بێنیامین نێتانیاهو کرد، پاڵپشتی ئیسرائیل بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ دووپات بکاتەوە و دان بە دان بە کوردستاندابنێ و هەوڵبدات ئەمریکا رازی بکات بۆ پشتگیری كردن لە سەربەخۆیی كوردستان.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گیدیۆن سەعار دەڵێت، کورد هاوشێوەی جولەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەمینەن، هەرچەندە کورد لە باکوری عێراق حوکم دەکەن، بەڵام ئامانجیان سەربەخۆییە.

لە كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان لە 7 ئەم مانگە، بڕیاردرا 25 ئەیلولی 2017 ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئەنجامبدرێت.