ئاڵا تاڵەبانی لە پۆستەكەی دوورخرایەوە
كۆسرەت رەسوڵ بڕیاریدا پەرلەمانتارێكی دیكەی فراكسیۆنی سەوز بۆ شوێنی ئاڵا تاڵەبانی دیار بكرێت
K24 - ھەولێر
بە بڕیاری كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لە پۆستەكەی دوورخرایەوە.
بە گوێرەی نووسراوێكی فەرمی كە واژووی كۆسرەت رەسوڵی بەسەرەوەیە و وێنەیەكی دەست كوردستان24 كەوتووە تێیداھاتووە: "ئاماژە بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی 20/8/2016 وە كۆبوونەوەی رۆژی 29/5/2017 بە سەرپەرشتی جێگری سكرتێری گشتی و ئامادەبوونی ھەڤاڵانی دەستەی كارگێڕی و ھەڤاڵ ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی بۆ چۆنیەتی جێبەجێ كردنی بڕیاری ئاماژە بۆكراوی سەرەوە بەم شێوەیەی لای خوارەوە دەبێت:.
1- (اعفاء) بەخشینی ھەڤاڵ ئاڵا تاڵەبانی لە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
2- بانگێشت كردنی سەرجەم ئەندامانی فراكسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ بارەگای مەكتەبی سیاسی بە مەبەستی ھەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ فراكسیۆنەكە.
3- كاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ جێبەجێكردنی ناوەرۆكی ئەم نووسراوەمان.
