راهێنه‌رێك له رێگه‌ى كوردستان24ـه‌وه گله‌یی له به‌رپرسانی وه‌رزشی ده‌كات
ئه‌گه‌رچی له باشووری كوردستان له‌سه‌ر ئاستی كچان، چه‌ندان یانه‌ی ناسراوی فووستاڵ هه‌یه كه له‌سه‌ر ئاستی عێراق ژماره‌یه‌كی گه‌وره و قورسن، به‌ڵام به بۆچوونی راهێنه‌رێكی كورد له‌سه‌ر ئاستی فووستاڵ كوڕان بێده‌نگییه‌كی گه‌وره هه‌ست پێده‌كرێت و تا ئێستا به‌رپرسانی وه‌رزشی كوردستان بیریان له كردنه‌وه‌ی خولێكی فووستاڵی كوڕان نه‌كردۆته‌وه.
مەزن محەمەد راھێنەری یانەی ئافرەتانی ھەولێر له رێگه‌ی كوردستان24ـه‌وه په‌یامێك ئاراسته‌ی به‌رپرسانی وه‌رزشی كوردستان ده‌كات و داوا ده‌كات وه‌ك چۆن له جیهانی ده‌ره‌وه گرینگیه‌كی گه‌وره به خولی فووستاڵی كوڕان ده‌درێت به‌هه‌مان ئه‌ندازه له كوردستانیش ئاوڕ له‌م بابه‌ته بده‌نه‌وه.
مه‌زن محه‌مه‌د كه پێشتر ناسناوی خولی فووستاڵی كچانی عێراقی بردۆته‌وه، له لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 ده‌ڵێت: لە ئێستەدا كه خوله‌كانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان كۆتایی هاتووه، زۆربەی یاریزانەکان لە یاریگەی بچووک به‌رده‌وامی به یاریكردن ده‌ده‌ن و حه‌ز ویستێكی گه‌وره‌یان بۆ یاریكردن له خولی فووستاڵ هه‌یه.
مه‌زن گوتیشی: زه‌مینه‌یه‌كی گونجاو هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی وه‌رزشی، یانه‌كان بۆ دروستكردنی تیپی فووستاڵی كوڕان راسپێرن و ئاماده‌كاری بۆ خولێكی سه‌رتاسه‌ری كوردستان بكه‌نه‌وه.
مەزن محه‌مه‌د كه پێشتر به یاریده‌ده‌ری تیپی فووستاڵی كچانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق ده‌ستنیشان كراوه، ده‌شڵێت: لە ئێستەدا لە کوردستان خولی فووستاڵی كوڕان بوونی نییە، بەڵام دەکرێت یانە دامەزرێن و بەشداری خولەکان بکەن، دەکرێت ھەڵبژاردەشمان ھەبێت وەک چۆن ماوەیەک بەر لە ئێستە ھەڵبژاردەی فووستاڵی عێراقی خوار تەمەن ٢٠ ساڵ لە ئاسیا پلەی دووەمیان له فووتساڵی كوڕان بەدەستھێنا.
له هه‌رێمی كوردستان، تەنھا خولی فوتسالی ئافرەتانمان ھەیە، ئەویش تەمەنی خولەکەیان لە ماوەیەکی کەم کۆتای دێت، کەچی بۆتە ھەوێنی پێکھاتەی ھەڵبژاردەی ئافرەتانی عێراق.
ئاماده‌كردنی: بارزان ئه‌كره‌م