تەرمی فەقێیەک بە هەڵواسراوی له‌ناو مزگه‌وتێك دۆزرایەوە
مامۆستای ئایینی مزگه‌وته‌كه و هه‌ر هەشت هاوڕێ فه‌قێكه‌ی دەستگیرکراون
K24 - گه‌رمیان:
به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی پۆلیسی گه‌رمیان رایگه‌یاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەمە، تەرمێک لەمزگەوتی سیراجه‌دین لە گەڕەکی سەد ماڵەکەی قەزای کەلار، دۆزرایه‌وه.
رائیدی مافپەروەر، علی جەمال قه‌دووری، رایگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی مه‌فره‌زه‌كانییان چوونەته شوێنی رووداوەکە، دەرکەوت تەرمی هاووڵاتییەكیان بەناوی (فاروق ناجی محمد) لەدایکبووی 1995 لەنێو حەمامی مزگەوته‌كه به هەڵواسراوه.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، بەمەبەستی پشکنین تەرمی ناوبراو رەوانەی پزیشکی دادی کەلار کراوەو پۆلیسیش لە لێکۆڵینەوەدایە له رووداوەکە، تاوەکوو ئێستاش روون نییه، كه ئایا ئه‌و هاووڵاتییه، كه فه‌قێی مزگه‌وته‌كه بووه، به خۆی خۆی هه‌ڵواسیوه، یاخود هه‌ڵواسراوه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، ناوبراو خوێندکاری هەمان مزگەوت بووە لەوێ لەگەڵ هەشت گەنجی دیکەدا، کە هاوڕێی یەکتر بوون، رۆژانە لەلایەن مامۆستایەکی ئایینییەوە وانەی ئایینی‌یان پێ وتراوەتەوە.
لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 405، ئەو مامۆستا ئایینییه و هه‌ر هەشت هاوڕێكه‌ی دەستگیرکراون.