بارزانی: كورد دەیەوێ باشترین پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و دراوسێكان و وڵاتانی ناوچەكە هەبێت

ویستی گەلی كوردستان ئەوەیە كە دەستكەوتەكانی لەڕێگەی ئاشتی و دوور لە توندوتیژی بەدەست بهێنێت

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ فرانك به‌یكه‌ر، باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق كۆبووه‌وه‌ و پرسی ریفراندۆم و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایان تاووتوێكرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك بارزانی، ئەوەی خستەڕوو كە ویستی گەلی كوردستان ئەوەیە كە دەستكەوتەكانی لەڕێگەی ئاشتی و دوور لە توندوتیژی بەدەست بهێنێت و دەیەوێ باشترین پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و دراوسێكان و وڵاتانی ناوچەكە هەبێت.

پەیوەست بەم باسەوە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی لەگەڵ مافی نەتەوە و گەلانە بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان، بەڵام، لەوباوەڕەدایە كاتێكی باش نییە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان.

رۆژی 7ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی رابردوو مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، جگه‌ له‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵ، كۆبووه‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا، رۆژی 25ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری داهاتوو، ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ئه‌نجام بدرێت.

سه‌رچاوه‌: وێباستی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان