هێزەکانی عێراق چەند ناوچەیەكیان لە موسڵی كۆن كۆنترۆڵكرد
گەڕەكی فاروق و پردی پێنجەمی موسڵ و كلێسای ماریا كۆنترۆڵكرانەوە
K24 - ھەولێر
ھێزەكانی عێراق لە چوار گەڕەكی موسڵی كۆن، زۆرینەی گەڕەكی فاروق و پردی پێنجەمی موسڵیان كۆنتڕۆڵ كردەوە.
لە راگەیەندراوێكدا فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا، كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەشێكی زۆری گەڕەكی فاروقی لە ناوچەكانی موسڵی كۆن لە رۆژئاوای شارەكە لە لایەن ھێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی راگەیاند.
ھەروەھا فەرمانگەی تەندرووستی و كلێسای ماریا لە رۆژئاوای شارەكە کۆنتڕۆڵکرانەوە و پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆش پردی پێنجەمی موسڵ و باشووری گەڕەكی شیفا كۆنتڕۆڵكرانەوە.
ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی مووسڵ رۆژی 17 تشرینی یەكەمی 2016 بە بەشداری ھەر یەك لە ھێزەكانی پێشمەرگە و عێراقی دەستیپێكرد و لە سەرەتادا ھێزەكانی پێشمەرگە ناوچەكانی دەروبەری مووسڵ بەتایبەتی لە باكوور و رۆژھەڵاتی شارەكە كۆنترۆڵكرد و رێگەی چوونە ناوەوەی ھێزەكانی عێراقیان بۆ ناو مووسڵ كردەوە.