داهاتووی ئالڤێس یه‌كلایی بووه‌وه‌ و ده‌چێته‌ مانچێسته‌ر سیتی

جارێكی دیكه‌ ده‌چێته‌وه‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی گواردیۆلا

به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی ئیتاڵیا، ئالڤێسی بەرگریکاری بڕازیلی بۆ ماوەی دوو وەرز روودەکاتە ریزەکانی یانه‌ی مانچیستەر سیتی ئینگلیزی.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، 20 حوزه‌یرانی 2017، رۆژنامەی تۆتۆ سپۆرتی ئیتاڵی نزیک لە یانەی یۆڤێنتۆس ئاشکرایکردووە، یۆڤێنتۆس و ئالڤێس لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبسەتەکەی نێوانیان گەیشتوونەتە رێککەوتن و بەمزووانە بەفەرمی ئالڤێس واژووکردنی گرێبەستی لەگەڵ مانچێستەر سیتی رادەگەیەنێت و جارێکی دیکە دەچێتەوە ژێر سەرپەرشتی پیپ گواردیۆلا، کە پێشتر لە بارسێلۆنای ئیسپانی بەیەکەوە یارییان دەکرد.

ئالڤێسی ته‌مه‌ن 34 ساڵ، له‌ هاوینی 2008 دوای 6 وه‌رز ریزه‌كانی یانه‌ی سێڤییای جێهێشت و روویكرده‌ بارسێلۆنا، له‌ یانه‌ كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه‌ش 8 وه‌رزی سه‌ركه‌وتووی تێپه‌ڕ كرد و هاوینی 2016 بۆ ریزه‌كانی یوڤێنتۆس گواسترایه‌وه‌، وه‌رزی داهاتووش یه‌كه‌مین ئه‌زموونی له‌ پرێمه‌رلیگ تاقی ده‌كاته‌وه‌.