لاوانی ئه‌وروپا پاڵپشتی خۆیان بۆ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان راگه‌یاند
داوا له حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ن دان به ئه‌نجامه‌كه‌یدا بنێت و تیمێكیش بۆ چاودێری ریفراندۆم ده‌نێرنه كوردستان
K24 - هه‌ولێر:
ده‌سته‌ی به‌رێوه‌به‌ری یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی ئه‌وروپا له دوایین كۆبوونه‌وه‌یاندا كه 20/6/2017 له برۆكسێلی پایته‌ختی به‌لجیكا ئه‌نجامیاندا، پشتگیریی خۆیان بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌ربڕی.
له كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی ئه‌وروپا، جگه له‌وه‌ی به كۆی ده‌نگ پاڵپشتی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه، له به‌یاننامه‌یه‌كیشدا رایانگه‌یاندووه كه " هه‌موو هاووڵاتییه‌ك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه بڕیار له چاره‌نووسی خۆی بدات، بۆیه ئێمه پشتگیریی ریفراندۆم ده‌كه‌ین و له هیواو خواسته‌كانی گه‌لی كورد تێده‌گه‌ین".
یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی ئه‌وروپا دا‌واشیان له حكومه‌تی عێراق كردووه، پاش ئه‌وه‌ی گه‌لی كورد ریفراندۆمی ئه‌نجامدا، دان به ئه‌نجامه‌كه‌یدا بنێن".
هه‌ر له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا ستایشی قوربانیدانی هێزی پێشكمه‌رگه‌ی كوردستانیان كردووه له جه‌نگی دژی داعش و گوتوویانه " پێشمه‌رگه بوونه‌ته پارێزه‌ریی هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كان" و كوردستانیشیان وه‌ك مۆدێلی پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌ی نیوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان ناوبردووه.
جگه له‌وه، یه‌كێتییه‌كه بڕیاریانداوه، تیمێكیش بۆ چاودێریكردنی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان بنێرن تا له نزیكه‌وه ئاگاداری چۆنییه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌بن.