ھێرشێكی داعش لە مووسڵ تێكشكێندرا
چەكدارانی داعش ویستویانە دزەبكەنە نێو گەڕەكەكە
K24 - ھەولێر
شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراق بڵاویکردەوە، هێرشێکی داعش بۆ سەر گەڕەکی تنەکی رۆژئاوای مووسڵ تێکشکێندرا، لە ئەنجامی تێکشکاندنی هێرشەکەدا ژمارەیەک چەکداری داعش کوژراون.
شانەی راگەیاندنی جەنگی ئاشكرای كرد، چەند چەکدارێکی داعش هەوڵیاندا دزەبکەنە نێو گەڕەکی تنەکی رۆژئاوای مووسڵ، بەڵام لەلایەن هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق و بە پشتیوانی فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق هەوڵەکەیان شکستیپێهێندرا.
ئاماژەی بەوەشدا، پرۆسەی گەڕان و پشکنین بە دوای چەکدارانی داعش لەو گەڕەکە بەردەوامە.
لەماوەی رابردوودا، هێزەکانی عێراق بە پشتیوانی هاوپەیمانان توانییان زۆربەی گەڕەکەکانی رۆژئاوای مووسڵ کۆنترۆڵبکەنەوە، تاوەکو ئێستاش شەڕوپێکدادان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی گەڕەکەکانی دیکە بەردەوامە.