فیدراسیۆنی جیھانی پێشبڕکێی حوشتر دادەمەزرێت

لیژنەی دامەزرێنەری فیدراسیۆنی جیھانی پێشبڕکێی حوشتر، لەسەرتاسەری جیھاندا داوەتنامەی بۆ سەرجەم فیدراسیۆنەکانی جیھان و لیژنە پەیوەندی دارەکان ناردووە، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ دامەرزاندنی فیدراسیۆنی جیھانی پێشبڕکێی حوشتر، بڕیاریشە مانگی داھاتوو لە وڵاتی کوەیت یەکەم کۆبونەوە ئەنجام بدرێت.

حوسێن بن مانع سەرۆکی فیدراسیۆنی پێشبڕکێی حوشتر لە وڵاتانی عەرەب بە ئاژانسی دەنگوباسی سعوودیەی راگەیاندووە كه‌ دوای راگەیاندنی فیدراسیۆنەکە، یاسا و رێسا و رێنماییەکانی تایبەت بە پێشبڕکێی حوشتر رادەگەیندرێت.

ده‌شڵێت: فیدراسیۆنەکە بۆ ئەو یارییە کۆن و عەرەبییە دەبێتە ناوه‌ند و بڕیارده‌ری سه‌ره‌كی لە جیھاندا.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە كه‌ داوتنامەیان بۆ زیاتر لە ٢٠ فیدراسیۆن ناردووە، بۆ ئەوەی ببنه‌ ئەندام له‌ فیدرسیۆنه‌كه‌.

باس له‌وه‌ش كراوه‌ كه‌ لە یەکەم کۆبونەوەشدا ئەنجومەنی فیدراسیۆنەکە و پۆستەکانی تر بە دەنگدان دەست نیشان دەکرێن.

سه‌رۆكی فیدراسیۆنی پێشبڕكیی حوشتر هێما بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ مه‌به‌ست له‌ دامەزراندنی ئەو فیدراسیۆنە بۆ ئەوەیە زیاتر گرینگی بە پێشبڕکێی حوشتر بدرێت و بەرگێکی جیھانی وەربگرێت و لە جیھاندا زیاتر تەشەنە بکات، چونکە ئەو وەرزشە ئێستە زیاتر لە کەنداو گرینگی پێ دەدرێت.

مەسعوود حەسەن