رێكخراوێكی ئه‌مه‌ریكی داوای ئازادكردنی په‌یامنێری زاگرۆس تی ڤی ده‌كات
مانگ و نیوێكه له‌لایه‌ن په‌یه‌ده‌وه ده‌ستگیركراوه
K24 - هه‌ولێر:
كۆمیته‌ی پاراستنی رۆژنامه‌نووسان CPJ، كه رێكخراوێكی ئه‌مه‌ریكییه و نووسینگه‌ی سه‌ره‌كی له نیویۆركه، داوا له پارتی یه‌كێتی دیموكرات (په‌یه‌ده) ده‌كات، ده‌ستبه‌جێ بارزان حوسێن، په‌یامنێری زاگرۆس تی ڤی ئازاد بكات.
بارزان حوسێن، په‌یامنێری زاگرۆس تی ڤیه و له رۆژی 13/5/2017ه‌وه له‌لایه‌ن ئاسایشی رمێلان له رۆژئاوای كوردستان ده‌ستگیركراوه.
تا ئێستا هیچ هه‌واڵێكی ئازادكردنی ئه‌و په‌یامنێره نییه و له‌و ماوه‌یه‌شدا ته‌نها یه‌كجار كه‌سوكاره‌كه‌ی سه‌ردانییان كردووه.
مه‌سعود عه‌كۆ، رۆژنامه‌وانێكی رۆژئاوای كوردستانه و به‌دواداچوونی بۆ كه‌یسه‌كه كردووه و ده‌ڵێت: "تائێستا هیچ تۆمه‌تێك ئاراسته‌ی ناوبراو نه‌كراوه، ته‌نها یه‌كجاریش رێگه به هاوسه‌ره‌كه‌ی دراوه بیبینێت، ئه‌ویش ماوه‌یه‌كی كورت بووه".
كۆمیته‌ی پاراستنی رۆژنامه‌نووسانCPJ ، نیگه‌رانی خۆی له ده‌ستگیركردنی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه ده‌ربڕیوه و داوا له ده‌سه‌ڵاتدارانی رۆژئاوای كوردستان و په‌یه‌ده ده‌كات، ده‌ستبه‌جێ ئازادی بكه‌ن.