پیدرۆ گرفته‌ گه‌وره‌كه‌ی یانه‌ی بارسێلۆنا ئاشكرا ده‌كات

پیدرۆ رۆدریگێزی هێرشبەری ئیسپانی یانه‌ی چێڵسی ئینگلیزی، لە نوێترین لێدوانیدا باس لە گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دەکاتەوە و دەڵێت کە خۆشحالە جارێکی دیکە بانگهێشت ریزه‌كانی ماتادۆره‌كان کراوەتەوە، ناوبراو باس لە ئاستی بارسێلۆناش دەکات.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، 1 حوزه‌یرانی 2017، پیدرۆ رۆدریگێز هێرشبه‌ری پێشووی بارسێلۆنا له‌ لێدوانێكدا كه‌ له‌ پێگه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنیا بڵاو بۆته‌وه‌، گرفتێكی گه‌وره‌ی بارسێلۆنا ئاشكرا ده‌كات و پێیوایە کە ئەو یانەیە لە فەلسەفەکەی پێشوتری دوور کەوتۆتەوە و کەمتر دەرفەت بەو یاریزانانە دەدا کە خۆیان دروستیان کردوون.

پیدرۆ ده‌شڵێت: بارسێلۆنا له‌ ساڵانی رابردوو كه‌وته‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ كاتێك یاریزانه‌كانی ئه‌كادیمیای لاماسیای فه‌رامۆش كرد، ئه‌مه‌ش یاریزانه‌كان ناچار ده‌كه‌ن ریزه‌كانی یانه‌كه‌ جێبهێڵن، دواجار ئه‌مه‌ش لێدانێكی كوشنده‌ له‌ بارسا ده‌دات.

پیدرۆ له‌ باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا ده‌ڵێت: زۆر خۆشحاڵم کە جارێکی دیکە بانگهێشت کراوم و هیوادارم کە بتوانم ئاستێکی باش پێشکەش بکەم و هاوكاری وڵاته‌كه‌م له‌ مۆندیالی داهاتوو بكه‌م.

پێدرۆی ته‌مه‌ن 29 ساڵ، له‌ ئه‌كادیمیای لاماسیای تایبه‌ت به‌ بارسێلۆنا پێگه‌یشتووه‌، پێش ئه‌وه‌ی له‌ هاوینی 2015 له‌ بارسێلۆناوه‌ رووبكاته‌ چێڵسی، زۆرینه‌ی ناسناوه‌كانی له‌گه‌ڵ یانه‌ كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه‌ به‌ده‌ستهێنا بوو.