ورچی 'نیکا' پێشبینی دەکات ئەڵمانیا ببێتە پاڵەوانی جامی کیشوەرەکان
پێشبینی دەکات ئەڵمانیا 3-2 لە چیلی بباتەوە
K24- هەولێر
گەرچی لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی کیشوەرەکان ورچی 'نیکا' لە پێشبینیکردنی بۆ ئەنجامی هەردوو یاریی شکستیهێنا، بەڵام ئەمجارەیان پێشبینی بۆ ئەنجامی یاریی کۆتایی پاڵەوانیەتییەکەش دەکات.
ورچی نیکا کە لە باخچەی ئاژەڵانی مۆسکۆ دەژیت، لە دەستپێکی جامی کیشوەرەکانەوە تاکو ئێستا پێشبینی بۆ ئەنجامی یارییەکان دەکات، بەڵام لە زۆربەی پێشبینییەکانی شکستیهێناوە.
نادێژدا زایکۆ، سەرپەرشتیاری باخچەی ئاژەڵانی مۆسکۆ لەبارەی ورچە بەناوبانگەکەیانەوە دەڵێت 'ورچەکەی ئێمە زۆر حەزی بە یاریی تۆپی پێیە و هەموو تیپەکان دەناسێت و توانیان دەزانێت، ئەمجارەیان بۆ یاریی کۆتایی لە نێوان ئەڵمانیا و چیلی پێشبینی بۆ تیپی براوە دەکات، نیکا دوو جار خواردنی قاپەکەی چیلی خوارد و سێ جاریش لە خواردنی قاپە ئەڵمانیای خوارد، ئێمە ویستمان ئەمجارەیان پێشبینی بۆ ژمارەی گۆڵەکانی یارییەکەش بکەین.
نیکا کە لە قۆناخی پێشکۆتایی پێشبینی کرد مێکسیکۆ و پۆرتوگاڵ بگەنە یاریی کۆتایی و پێشبینییەکەی پێچەوانە بووەوە، ئەمجارەیان پێشبینی دەکات لە فایناڵ ئەڵمانیا بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لە چیلی بباتەوە و ببێتە پاڵەوانی جامی کیشوەرەکانی 2017.