"منداڵه‌كان له‌و گۆشه‌دا سه‌ریان بڕابوو له‌و رۆژه ده‌چوو كه ئالوبه‌یتی پێغه‌مبه‌ر له ده‌شتی كه‌ربه‌لا له خوێندا سووركران"
دوای سالێك كه‌ڕاده بۆنی مه‌رگی لێدێت و به‌ڵێنه‌كانی حكومه‌تیش بۆ قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتووان هیچ به‌رهه‌مێكی نه‌بووه
k24 - هه‌ولێر:
12 مانگه شه‌قامه برینداره‌كه‌ی كه‌ڕاده له ناوه‌راستی به‌غدا، نه‌یتوانیوه بكه‌وێته‌وه سه‌رپێی خۆی، ئه‌و ته‌قینه‌وه گه‌وره‌یه‌ی ساڵی رابردوو روویدا و به‌هۆیه‌وه زیاتر 300 كه‌س كوژران، شه‌قامه ناوداره‌كه‌ی ئیفلیج كردووه. هێشتا ترس و دڵه‌ڕاوكێ باڵی به‌سه‌ردا كێشاوه‌و خێزانی قوربانییه‌كان و ئه‌وانه‌ی رزگاربوون، شۆكی ئه‌و رۆژه به‌رینه‌داون كه ناوچه‌كه‌ی سووتاند.
رۆژی 3/7/2016 سێ رۆژ پێش جه‌ژنی ره‌مه‌زان، خۆكوژێك بارهه‌ڵگرێكی بۆمبرێژكراوی له به‌رده‌م دوو كۆمه‌ڵگای بازرگانی ناوچه‌ی كه‌ڕاده‌ی داخل، له ناوه‌ڕاستی به‌غدا ته‌قانده‌وه‌و به‌هۆیه‌وه 323 كه‌س كوژران، كه هێشتا ته‌رمی ژماره‌یه‌كیان هیچ پاشماوه‌یه‌كی نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه ده‌ست كه‌سوكاره‌كانیان و وه‌ك بێ سه‌روشوێن ناو ده‌برێن.
یه‌كێك له‌و كۆمه‌ڵگا بازرگانییه‌ش له رۆژی ته‌قینه‌وه‌كه‌وه تا ئێستا چۆڵه و نزیكه‌ی 300 كه‌سێك بۆ بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و رۆژه شوومه له به‌رده‌میدا كۆببوونه‌وه‌و ژماره‌یه‌ك له كه‌سوكاری قوربانییه‌كانیان برنج و گۆشت و شیرینیان هێنابوو به‌سه‌ر ماته‌مگێڕه‌كاندا ده‌یانبه‌خشییه‌وه.

له‌یس فازڵ ته‌مه‌نی 42 ساڵانه و به ئاژانسی فرانس پرێسی گووتووه " هێشتا هه‌ست ده‌كه‌م ته‌قینه‌وه‌كه ئه‌م به‌یانییه روویداوه، من زۆر له شوێنه‌كه‌وه نزیك بووم، نه‌مده‌توانی هیچ بكه‌م، من تووشی شۆك ببووم".
به‌ڵام حسێن كه 4 له منداڵه‌كانی مامی و خوشكه‌كه‌ی له ده‌ستچووه ده‌ڵێت " كاتێك هاتم بۆ ئیره هه‌ستم به دڵسووتانێكی توند كرد، چی بڵێم، هه‌موو قسه‌یه‌ك بۆ ئه‌و كاره‌ساته كه‌مه بیكه‌ین، ئه‌وه فه‌رمانی خودایه".
یه‌كێكی دیكه به ناوی سادق عیسا ته‌مه‌ن 43 ساڵان قاپه برنجه‌كانی تێده‌كرد و 5 كه‌سیش ده‌یان برد بۆ ئاماده‌بووان، ته‌نها ناو به ناو ده‌یگووت "اللهم صل على محمد وآل محمد" ئه‌و پیاوه له‌و كاره‌ساته‌دا 9 برازای و هاوسه‌ره‌كانیان و منداڵه‌كانیانی له ده‌ستداوه‌و به فرانس پرێسی گوتووه " دوای ئه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌مان بیست دایكیشم جه‌ڵته لێیدا، ئێستا له جێگادا كه‌وتووه‌و به لووت لاپه‌ڕه‌كانی قورئان ده‌كاته‌وه‌و ده‌یخوێنێته‌وه".
دوای ساڵێك له‌و كوشتارگه‌یه، عیسا فرمێسكه‌كانی ده‌سڕێت و به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی رووكه‌شه‌وه ده‌ڵێت" ئێمه ناخه‌وێن، منداڵه‌كانی براكه‌مم بینی له‌و گۆشه‌یه‌دا سه‌ربڕابوون، له‌و رۆژه ده‌چوو له ده‌شتی كه‌ربه‌لادا بێ ره‌حمانه خوێنی پاكی ئالوبه‌یتی پێغه‌مبه‌ر رژێنرا".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت" ئه‌م شوێنه بۆ من هه‌موو شتێكه، لێره كه‌سوكار و هاوڕێ و دراوسێكانم و هه‌موو خۆشه‌ویستانم له ده‌ستداوه".
باڵه‌خانه‌ی كۆمه‌ڵگای له‌یس هیچ ژیانێكی تیدانییه و هێشتا ویرانه‌یه، هێشتا بۆنی مه‌رگ له‌و شوێنه‌دا بڵاوه‌و دیواره وێرانبووه‌كانی شایه‌تی كوشتارگه گه‌وره‌كه ده‌ده‌ن.
دانیشتوانی كه‌ڕاده ده‌ڵێن " باڵه‌خانه‌كه كه‌ڵكی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی نه‌ماوه‌و ئه‌گه‌ری داڕمانی یه‌كجاریی هه‌یه، بۆیه ده‌سه‌ڵاتداران ده‌یانه‌وێت بیروخینن و سه‌رله‌نوێ درووستی بكه‌نه‌وه".

به‌ڵام سه‌رله‌نوێ بیناكردنه‌وه‌و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوانی ناوچه‌كه و خێزانی قوربانییه‌كان، هێشتا بابه‌تێكی جێگه‌ی گومانه.
فیراسی ته‌مه‌ن 36 ساڵان كه پێش ساڵیك له‌و شوێنه‌دا براكه‌ی له ده‌ستداوه ده‌ڵێت "هه‌موو به‌ڵێنه‌كانی ده‌وڵه‌ت ته‌نها بۆ سڕكردنه، فێڵ له هه‌ست و سۆزی خه‌ڵكه‌كه ده‌كه‌ن و هه‌موو واده‌كانیان بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه ناڕاست ده‌رچووه، ئه‌مه كاره‌ساته‌و له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت پێویسته بایه‌خ به ته‌واوی ورده‌كارییه‌كانی بدات".
هیشام سه‌باح ته‌مه‌ن 33 ساڵان زۆر به توندی قسه ده‌كات و ده‌ڵێت " خوانه‌خواسته ئه‌و رووداوه له وڵاتێكی دیكه‌دا روویبدایه، ده‌تبینی چۆن حكومه‌تی عێراق یارمه‌تی كه‌سوكاری شه‌هیده‌كانی ده‌دا، ئه‌ی بۆچی بۆ ئه‌م كوشتارگه‌یه ده‌سته‌وه‌ستانه؟".
خاوه‌نی ئه‌و دووكانه‌ی هه‌مووی وێرانبووه ئه‌وه‌شی گوتووه" ئه‌مه گه‌وره‌ترین كوشتارگه بووه له پاش رووخانی رژێمی سه‌دام روویداوه، به‌ڵێنه‌كانی ده‌وڵه‌ت قسه‌ی بێ ناوه‌رۆكه و مامه‌ڵه‌كان هێنده سه‌خت ده‌ڕوات بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی رقت له‌م وڵاته بێت.
هه‌روه‌ها ده‌ڵیت " داوا له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و بریتانیا و وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وروپا ده‌كه‌م، وه‌ك چۆن ئه‌م وڵاته‌یان سووتاندووه، بابێن تیماریشی بكه‌ن".
رووی پێشه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا بازرگانییه وێرانبووه‌كه لافیته‌یه‌كی گه‌وره‌ی پێوه هه‌ڵواسراوه، له‌و سه‌ری شه‌قامه‌كه‌شه‌وه ده‌توانیت بیبینیت كه هیچ ژیانێكی تیدا نییه، ته‌نها بۆ یادكردنه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كه به‌ربه‌ستێكی ئاسایی دانراوه‌و عه‌ره‌بانه‌یه‌ك شیرینی دابه‌ش ده‌كات.

كه‌ڕاده دیارترین ناوچه‌ی بازرگانی به‌غدای پایته‌خت بوو، به‌رده‌وام ئه‌و شه‌قامه قه‌ره‌باڵغ بووه‌و شوێنێك بووه خه‌ڵكی به‌غدا ده‌بوو هه‌ر سه‌رێكیان لێبدایه. به‌ڵام دۆخه‌كه قڵپبووه‌ته‌وه‌و ئێستا شه‌قامه‌كه ئیفلیج بووه. زۆربه‌ی دووكانه‌كان چۆڵن و كڕیاریان تێدا نابینرێت، هه‌ر چه‌نده خه‌ڵكی هه‌فته‌یه‌ك پشووی جه‌ژنیان به‌سه‌ر بردووه‌و ده‌بوو كاڵای زیاتر بكڕن.
یه‌كێك له‌و دووكانانه خاوه‌نه‌كه‌ی ناوی سامی عه‌زیزه و ته‌مه‌نی 40 ساڵانه، دووكانه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته ناو كۆمه‌ڵگای بازرگانی له‌یس و به‌م دواییانه نوژه‌نیكردووه‌ته‌وه.
سامی ده‌ڵیت " دووكانه‌كه‌م نوێكرده‌وه تا ژیانی بۆ بگێڕمه‌وه، هێشتا هیوامان ماوه، به‌ڵام خۆشه‌ویسه‌كانمان له ده‌ستچوو، به راشكاوی ده‌یڵێم هێشتا ترس لێره نه‌ڕه‌ویوه‌ته‌وه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت " دوای ساڵێك هێشتا وا هه‌ست ده‌كه‌م رۆژانه كاره‌ساته‌كه له به‌رده‌ممدا رووده‌داته‌وه، ئه‌وانه‌ی بوونه قوربانی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵمدا ده‌ژین، ده‌مه‌وێت له بیریان بكه‌م، به‌ڵام توانای له بیركردنیشیانم له ده‌ستداوه‌و ناتوانم له بیریان بكه‌م".