به‌رداشی جه‌نگی داعش سڤیله‌كان ده‌هاڕێت
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ره‌وشی سڤیله گه‌مارۆدراوه‌كانی مووسڵ و ره‌ققه نیگه‌رانه
K24 - هه‌ولێر:
ژیان له ژێر ده‌سه‌ڵاتی چه‌كدارانی داعشدا له مووسڵ و ره‌ققه و جه‌نگی به‌رده‌وامی كۆنترۆڵكردنی هه‌ر دوو مۆڵگه سه‌ره‌كی و گرنگه‌كه‌ی داعش له عێراق و سووریا، هه‌ناسه‌یان له ژیانی سڤیله‌كان بڕیوه‌و ماوه‌ی سێ ساڵه دانیشتوانی گه‌وره مۆڵگه‌كانی داعش له‌گه‌ڵ دژوارترین ره‌وشی ژیاندا ده‌ست و په‌نجه‌یان نه‌رم ده‌كه‌ن به‌لام ژماره‌ی قوربانییه‌كان به‌رده‌وام به‌رزده‌بێته‌وه.
ژماره‌كان و وێنه‌ی ماڵ و خانووه خاپووربووه‌كان ئاماژه‌ی ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ن كه جه‌نگی سێ ساڵه‌ی دووچاری دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ی كردووه. سڤیله‌كان له نێوان به‌رداشی زوڵم و توندڕه‌وی داعش و واقیعی جه‌نگی ده‌ركردنی داعش له شاره‌كان گه‌مارۆدراون و رۆژانه به‌شێكن له سووتووی ئه‌و ئاگره گه‌وره‌یه‌ی دیار نییه كه‌ی خامۆش ده‌بێت.
ئێستا له مووسڵ هێزه‌كانی عێراق بۆ كۆتاییهێنان به داعش له شاره‌كه و له ره‌ققه‌ش هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی به‌ره‌و دڵی شاره‌كه له پێشڕه‌ویدان، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و بۆمبانه‌ی ئاراسته‌ی یه‌كدی ده‌كه‌ن، به‌ر سه‌نگه‌ر و مۆڵگه‌كانی یه‌كتر ناكه‌وێت و به‌شێك له‌و بۆمبانه له ناو خێزان و منداڵه‌كاندا ده‌ته‌قنه‌وه كه چاوه‌ڕوانن یه‌كێك ده‌رگاكه‌یان لێبكاته‌وه‌و شیر و خۆراكیان پێبگه‌یه‌نێت.
به گوێره‌ی دواین ئاماره‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان، له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری مووسڵ له 17/10/2016 وه زیاتر له 850 هه‌زار كه‌سی سڤیل له‌و شاره ناچار بوون ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن.
له‌ناو ئه‌و ژماره‌یه‌دا 678 هه‌زاریان دانیشتوانی رۆژئاوای شاره‌كه‌ن كه رووباری دیجله ده‌یكات به دوو به‌شه‌وه و هێشتا جه‌نگ بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی دواین پێگه‌كانی داعش له‌و به‌شه‌دا درێژه‌ی هه‌یه.
هێشتا خه‌ڵكی سڤیل له‌و شوێنانه‌دا ماون كه گه‌رمترین خاڵی رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی نیوان سوپا و چه‌كدارانی داعشه و ترسێكی زۆر هه‌یه پاشماوه‌ی چه‌كداره‌كانی داعش كه زۆریان نه‌ماوه ته‌واوی شاره‌كه له ده‌ست بده‌ن، سڤیلی زیاتر بكه‌نه قوربانی، چونكه ئه‌وان له سه‌ره‌تای ئۆپراسیۆنه‌كه‌وه وه‌ك قه‌ڵغانی مرۆیی به‌كاریان هێناون.
به‌ڵام له ره‌ققه، كه زۆر نییه شه‌ڕڤانه‌كانی سوریای دیموكراتی چوونه‌ته ناو گه‌ڕه‌كه‌كانییه‌وه، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان نیگه‌رانی چاره‌نووسی 100 هه‌زار سڤیلی گه‌مارۆدراوی ئه‌و شاره‌ش بووه كه ده‌كه‌وێته ناوه‌ڕاستی سووریا و به پایته‌ختی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعش له‌و وڵاته ناوده‌بریت.
زه‌ید ره‌عد حسێن، كۆمیسیاری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه" نیگه‌رانییه‌كی زۆر له‌سه‌ر چاره‌نووسی سڤیله گه‌مارۆدراوه‌كان هه‌یه، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ژماره‌یان ده‌گاته نزیكه‌ی 100 هه‌زار كه‌س و به‌هۆی هێرشی سه‌ر ره‌ققه ئیستا به ته‌واوی كه‌وتوونه‌ته گه‌مارۆوه".
له به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه بۆ ئه‌وه‌شكراوه كه "له‌گه‌ڵ چڕبوونه‌وه‌ی هێرشه زه‌مینی و ئاسمانییه‌كان، راپۆرته‌كان ئاماژه به زیادبوونی ژماره‌ی قوربانیانی سڤیل ده‌ده‌ن و رێگه‌كانی هه‌ڵاتنیشیان به‌رده‌وام داده‌خرێن و ته‌سكبوونه‌ته‌وه".