له‌ به‌رده‌م فڕۆكه‌خانه‌يه‌كى شارى بۆستنى ئه‌مريكادا تاكسييه‌ك 10 هاووڵاتى بريندار كرد

شوفێره‌كه‌ ته‌مه‌نى 56 ساڵه‌ و له‌ شوێنى رووداوه‌كه‌ ماوه‌ته‌وه

K24 – هه‌ولێر:

ئۆتۆمبێلێكى تاكسى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ژماره‌يه‌ك رێبوارى له‌ به‌رده‌م ده‌روازه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى لوگانى نێوده‌وڵه‌تى له‌ خۆرهه‌ڵاتى شارى بۆستنى ويلايه‌تى ماساچۆستسى ئه‌مريكى كرده‌ ئامانج و به‌و هۆيه‌وه‌ چه‌ند رێبوارێك بريندار بوون.

به‌رپرسانى خزمه‌تگوزارى فرياكه‌وتنى ويلايه‌ته‌كه‌ رايانگه‌ياند، 10 كه‌س به‌ لانى كه‌م گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌.

پۆليس گه‌يشتووه‌ته‌ شوێنى رووداوه‌كه‌ و رێگه‌ سه‌ره‌كييه‌كانيان داخستووه‌.

دێڤيد برۆكۆبيۆ، گوته‌بێژى پۆليسى ويلايه‌ته‌كه‌ به‌ رۆژنامه‌ى بۆستن گڵۆبى راگه‌ياند، شوفێره‌كه‌ ته‌مه‌نى 56 ساڵه‌ و له‌ شوێنى رووداوه‌كه‌ ماوه‌ته‌وه‌ و له‌ لايه‌ن هێزه‌ ئه‌منييه‌كانه‌وه‌ بۆ لێپرسينه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌.