بارزانی: ڕیفراندۆم مافێکی شەرعی و سروشتیی خەڵکی کوردستانە و پێویستە هەموو لایەک ڕێز لەو خواست و مافەی خەڵکی کوردستان بگرن

سەرۆكی هەرێمی كوردستان له‌گه‌ڵ کونسوڵی 7 وڵاتی عەرەبی لە هەولێر كۆده‌بێته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاری گەلی کوردستانی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ كونسوڵی 7 وڵاتی عه‌ره‌بی له‌ هه‌ولێر روونكرده‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌ لە 25/9/2017 ئه‌نجامبدرێت".

ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ 4/7/2017 له‌ میانی پێشوازیكردنی له‌ كونسوڵی 7 وڵاتی عه‌ره‌بی له‌ هه‌ولێر، مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندووه‌"  ڕیفراندۆم مافێکی شەرعی و سروشتیی خەڵکی کوردستانە و پێویستە هەموو لایەک ڕێز لەو خواست و مافەی خەڵکی کوردستان بگرن و جەختیشی لەوە كردەوە كە گەلی كوردستان لەڕێگەی دیالۆگ و بە ئامرازی ئاشتیانە ڕێگەی سەربەخۆیی و مسۆگەركردنی مافەكانی گرتۆتەبەر و ئەو ڕێگەیەش تاکە زامنی بەربەست دانانە لەبەردەم دووبارەبوونەوەی کێشە و ململانێی خوێناوی".

له‌ به‌شیكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا  بارزانی باسی جه‌نگی مووسڵ و قۆناغی پاش جه‌نگه‌كه‌ی كردووه‌و گوتوویه‌تی"  " قۆناخی دوای داعش زۆر هەستیارە و پێویستە ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەو زەمینەیە بگیرێت کە بووە هۆی سەرهەڵدانی داعش".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی بە هەوڵەکانی کوردستان کردووه‌ کە بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌ لە كاتی کۆبوونەوە لەگەڵ هەردوو لایەنی ئەمەریکی و عێراقی داوامان دەکرد کە پێویستە لەپاڵ بوونی پلانی سەربازی پێویستە پلانێکی هاوبەشی سیاسی و ئیدارییش بۆ پارێزگای نەینەوا لە دوای دەرکردنی داعش هەبێت، بەڵام بەداخەوە ئەو پێشنیارە ڕەچاو نەکرا و لەجیاتی ئەوە بڕیار درا لیژنەیەکی باڵا بۆ هەماهەنگی دروست بکرێت کەچی ئەوەش جێبەجێ نەکرا و ئێستا سەرەتاکانی کێشە دەرکەوتوون".

له‌و دیداره‌دا کونسوڵی گشتیی وڵاتانی شانشینی سعودیە، ئوردن، میسر، ئیمارات، فەلەستین، کوەیت و سودان، دەستخۆشییان لە بارزانی و پێشمەرگەی کوردستان کردووه‌ بۆ سەرکەوتنیان لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ".

هه‌روه‌ها هاوخەمیی خۆشیان لەگەڵ خانەوادەی شەهیدانی پێشمەرگە دەربڕی و هیوای چاکبوونەوەیان بۆ بریندارەکان خواست و ڕێز و پێزانینی زۆریان بۆ گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی کە لە دۆخی قورسی شەڕ و قەیرانی ئابووریدا پێشوازییان لەو ژمارە زۆرەی پەنابەران کردووە و ئاسایش و پێداویستییەکانی ژیانیان بۆ دابین کردوون".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا بۆ كونسوڵی وڵاتانی عه‌ره‌بی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژەی بەوە کردووه‌ کە "هەرچەندە بەهۆی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق و بە پشتیوانیی هاوپەیمانانێتیی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ لە کۆتاییەکەی نزیک بۆتەوە و دەسەڵاتی داعش لە موسڵ کۆتایی دێت، بەڵام ئەوە بەمانای کۆتاییهاتنی داعش و تیرۆر نابێت و ئەگەر ئەو هۆکارانە چارەسەر نەکرێن کە بووە هۆی سەرهەڵدان و بەهێزبوونی داعش، ئەوا دوور نییە تیرۆر بە شێوەی تر و لەژێر ناوی دیکە سەرهەڵبداتەوە، بۆیە دەبێ ڕێگە لەو دۆخە بگیرێت و لە ئیدارەدانی ئەو پارێزگایە ڕەچاوی خواستی پێکهاتەکانی ئەو پارێزگایە بکرێت تا ئەوانیش بە دڵنیایی و پارێزراویی ژیانیان بکەن و ڕێگە بەدووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانە نەدرێت کە بەسەر ئەو خەڵکەدا هات".

له‌ دیداره‌كه‌دا باسی ڕەوشی سیاسیی عێراق و ناوچەکە كراوه‌و باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی، هاوسۆزیی خۆیان بۆ خەبات و قوربانیدان و خواستی گەلی کوردستان دەربڕی.