بزانه ئه‌و "خانمه‌ به‌رگ سووره‌"ی له‌گه‌ڵ پوتین بوو كێیه‌

ئایا پوتین ده‌یه‌وێت دۆسته‌ نوێیه‌كه‌ی ئاشكرا بكات

K24 - هه‌ولێر:

گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی رووسیا بڵاوبووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئۆتۆمبێلێی جۆری مارسیدس لێده‌خوڕێت، دوای راگرتنی ده‌رگای دواوه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ده‌كاته‌وه‌ و كه‌سێك وا ده‌رده‌كه‌وێت، خانمێكه‌ و جلی سووری له‌به‌ردایه‌، له‌ دواوه‌ دانیشتووه‌، به‌ڵام له‌ ئۆتۆمبێل نایه‌ته‌ خواره‌وه‌.

ئه‌و دیمه‌نه‌ی سه‌رۆكی رووسیا، سه‌رنجی خه‌ڵكی به‌لای خۆیه‌وه‌ راكێشاوه‌ و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان مشتومڕی زۆری ناوه‌ته‌وه‌، هه‌ندێك ده‌ڵێن: "پوتین به‌ نیازه‌ دۆسته‌ نوێیه‌كه‌ی خۆی ئاشكرا بكات و بیناسێنێت".

وێبسایتی رووسیه‌لیه‌وم، گرته‌ ڤیدیۆكه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ئه‌و كه‌سه‌ی ئاشكرا كردووه‌ كه‌ له‌ پشته‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ دانیشتووه‌ و ئاماژه‌ به‌ هۆكاره‌ش ده‌كات كه‌ بۆچی پوتین ویستوویه‌تی ده‌رگای دواوه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ بكاته‌وه‌.

ئه‌و سایته‌ رووسییه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌كات، ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ دواوه‌ دانیشتووی جلی سوور نییه‌ و ره‌شه‌، به‌ڵكو ره‌نگی جانتاكه‌ی ده‌ستی سووره‌، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی دانیشتووه‌ پیاوه‌ نه‌ك ژن، پیاوه‌كه‌ش دیمیتری پیسكۆفه‌، گوته‌بێژی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی رووسیا (كرملین).

هۆكاری كردنه‌وه‌ی ده‌رگای دواوه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ش، بۆ ئه‌وه‌بووه‌ پوتین ویستوویه‌تی چاكێته‌كه‌ی له‌به‌ر بكات، نه‌ك وه‌ك ئه‌ته‌كێت كه‌ وا باوه‌ ده‌رگا بۆ خانمان بكرێته‌وه‌، كه‌ دواتر ده‌ركه‌وتووه‌ له‌ناو ئۆتۆمبێلی پاسه‌وانه‌كان بووه‌ و یه‌كێك له‌ پاسه‌وانه‌كان بۆی ده‌هێنێت.