داوا دەکرێت سوپای پاسدارانی ئێران بخرێتە ڕیزی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە

265 ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا راگه‌یێنراوێك بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

265 ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا بەبلاوکردنەوەی راگەیاندراوێک، بە تۆمەتبارکردنی سوپای پاسدارانی ئێران لە تێکهەڵچوونەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، داوایان لە یەکێتیی ئەوروپا کردووە، سوپای پاسداران بخاتە ڕیزی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە. لەم راگەیاندراوەدا، دۆخی خراپی مافی مرۆڤ لە ئێرانیش بە توندی رەخنەی لێ گیراوە.

بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران، ئەو کارتی فشارەیە کە چاوەڕێ دەکرا لە لایەن ئەمریکاوە بخرێتەوە ڕوو، بەڵام ئێستا لە یەکێتیی ئەوروپا باسی دەکرێت.

گرووپی "هەڤاڵانی ئێرانی ئازاد" لە پەرلمانی ئەوروپا، رۆژی دوشەممە لە راگەیاندراوێکدا دەستێوەردانی سوپای پاسداران لە پێکدادانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بە توندی ئیدانە کرد و داوایان لە یەکێتیی ئەوروپا کردووە، ئەم هێزە چەکدارەی ئێران بخاتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.

 

ده‌ندان له‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا / ئه‌رشیف
ده‌ندان له‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا / ئه‌رشیف

لەم راگەیاندراوە دا کە 265 کەس لە 751 ئەندامەکەی پەرلمانی ئەوروپا واژۆیان کردووە، ئاماژە بەوە کراوە کە سوپای پاسداران بە تەنیا هەر هێزێکی سەربازی نییە بەڵکوو هێزێکی گەورەی ئابووری و بازرگانیشە کە لە ناوەوە و دەرەوەی ئیران چالاکیی هەیە و کۆمپانیا ئەوروپییەکان، لە ئەگەری واژۆ کردنی هەر گرێبەستێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، رەنگە راستەوخۆ یەکێک لە کۆمپانیاکانی سەر بە سوپای پاسداران ببێتە لایەنی بەرامبەریان و بەم شێوەیەش ئەوان لەگەڵ گرووپێکی بە گوتەی ئەوان تیرۆریستی خەریکی بازرگانی بن.

گرووپی "هەڤاڵانی ئێرانی ئازاد" کە 23 کۆمیتە و دەستەی نوێنەرایتیی لە پەرلمانی ئەوروپای له‌خۆ گرتووە، لە راگەیاندراوەکەی دا بە توندی دۆخی خراپی مافی مرۆڤ لە ناوخۆی ئێرانیشی ئیدانە کردووە بە پشت بەستن بە ئامارەکانی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایانگەیاندووە لە چوار ساڵی یەکەمی دەسەڵاتی رۆحانیدا زیاتر لە سێ هەزار کەس لە سێدارە دراون.

لە ژمارەی زۆری لە سێدارەدان، بە شوودانی کچانی کەم تەمەن و دۆخی نالەباری ژنان لە ئێران، لەو خاڵانەن کە لە راگەیاندراوەکەی ئەندامانی پەرلمانی ئوروپا دا ئاماژەی پێ کراوە و داوا لە وڵاتنی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپاش کراوە، تەنیا بە مەرجی باشتر بوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، پەیوەندییەکانیان لەگڵ ئەم وڵاتە پەرە پێ بدەن.