شەڕ لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی ئێران و قاچاخچییەكان روودەدات

قاچاخچییەكانی مەشروب سەربازێکی ئێران دەكوژن و ژمارەیەكی دیكەش بریندار دەكەن

K24 - ھەولێر

لەسەر سنووری پیرانشاری رۆژھەڵاتی كوردستان، شەڕ لە نێوان پاسدرانی ئێران و قاچاخچییەكانی مەشروب روویدا، لە ئەنجامدا سەربازێكی ئێران كوژرا و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە بەرزاییەکانی "کانی خوا"، لەسەر سنووری رۆژ‌هەڵات و هەرێمی كوردستان، کەتیبەی سنووری چیانەی هێزی ئینتزامی لە بازگەی سنووریی پیرانشار خەریکی ئەنجامدانی ئەرك و بەرپرسیاریەتیان لە پاراستنی سنوور دەبن کە لەگەڵ ژمارەیەک قاچاخچی چەکدار شەڕ لە نێوانیان دروست بووە.

میدیاكانی ئێران ئاشكرایان كردووە، لەو شەڕەدا سەربازێك بە ناوی فەرشاد رەمزی كوژرا و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون بۆ چارەسەری پزیشكی گەیەندرانە نەخۆشخانە.

ئەمە لە كاتێكدایە كۆماری ئیسلامی ئێران، خواردنەوە و مامەڵەكردنی بە ماددە كحولیەكانی قەدەغە كردووە، بەڵام ساڵانە رێژەیەكی زۆری مەشروب بە رێگە قاچاخەكان دەچێتە نێو ئەو وڵاتە، بەگوێرەی ئامارەكانیش ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی كە بەشێكی زۆری ماددە كحولییەكانی لێ بەكار دەھێندرێ و مامەڵەی پێوە دەكرێت.

فەرشاد رەمزی سەربازی هێزی ئینتزامی ئێران بە گولـلەی قاچاخچییەكان كوژرا
فەرشاد رەمزی سەربازی هێزی ئینتزامی ئێران بە گولـلەی قاچاخچییەكان كوژرا