ئێران داوا ده‌كات هەولێر و بەغدا کێشەکانیان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا چارەسەر بکەن

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی له‌باره‌ی پرسی ریفرادۆم راگه‌یاند

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ شەممە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەھرام قاسمی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گووتی، هەڵوێستی بنەڕەتی و روونی کۆماری ئیسلامی ئێران پشتگیریکردنە لە یەکپارچەیی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێکە لە کۆماری عێراق و داواش دەکات کە کێشەکانی هەولێر و بەغدا لە رێگەی گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستووری عێراقی چارەسەر بکرێن.

 بە وتەی قاسمی لە هەلومەرجی ئاڵۆزی عێراق و ناوچەكه‌ و پلانی ناحەزان بۆ بەردەوامی ناسەقامگیری لە عێراق، بڕیاری ریفراندۆم دەبێتە هۆکارێک بۆ بەردەوامی ناسەقامگیریی عێراق.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاریاندا رۆژی 25ی مانگی 9ی ئەمساڵ رێفراندۆم لەبارەی سەربەخۆیی ئەنجام بدرێت.