یەكەم دانوستانی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریكا لە سەردەمی ترامپ بەڕێوەچوو
ئەمریكا داوا لە ئێران دەكات رێز لە ئازادیی كەمە نەتەوە و ئایینەكان بگرێت
K24 - ھەولێر
ئێران و ئەمریكا بۆ یەكەمجار له سهردهمی سهرۆكایهتی دۆناڵد ترامپ بەشێوەیەكی راستەوخۆ كۆبوونەتەوە.
مارك تۆنەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، شاندێك لە دیپلۆماتەكانی ئەمریكا و ئێران لە پەراوێزی كۆبوونەوەی كۆمیسیۆنی ھاوبەشی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك، لە ڤییەننا كۆبوونەتەوە .
تۆنەر ئاشكرای كرد، لە كۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەمریكا و دیپلۆماتە ئێرانییەكان، ئەمریكا داوای ئازادكردنی دوو ھاووڵاتی ئێرانی - ئەمریكییان لە زیندانەكانی ئێران كردووە.
حەوتەمین كۆبوونەوەی كۆمیسیۆنی ھاوبەشی رێكەوتننامەی ئەتۆمی ئێران سەرەتای ئەم ھەفتەیە لە ڤییەننا بەڕێوەچوو، كە لە ئێران بە بەرجام ناسراوە.
لە لایەكی دیكەوە، ئەمریكا داوا لە ئێران دەكات رێز لە ئازادیی كەمە نەتەوە و ئایینەكان بگرێت.
ئەمریكا بە پرۆژە یاسایەك، پێشێلكردنی مافی بەھاییەكان لە ئێران ئیدانە دەكات و داوای ئازادكردنی زیندانیانی مەزھەبی و ئایینی لە ئێران دەكات.
ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا پرۆژە یاسایەكیان ئامادەكردووە كە تیایدا داوای ئازادی بۆ كەمە نەتەوە و ئایینەكان لە ئێران دەكات و لەو پرۆژە یاسایەدا، پێشێلكردنی مافی بەھاییەكان لە ئێرانیش بە توندی ئیدانە دەكات.
ماركۆ رۆبیۆ، سیناتۆری ئەمریكی رایگەیاند ناكرێت پرسی نەبوونی ئازادیی بۆ كەمە نەتەوە و مەزھەبەكان لە ئێران لەبەرچاو نەگیرێت و پێشێلكردنی مافی ھاووڵاتیانی ئێرانی لە لایەن حكوومەتی ئێرانەوە پێچەوانەی یاساكان و ئازادی تاكەكەسییە.
پرۆژە یاساكەی سێناتی ئەمریكا، داوا لە كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات، زیندانیانی عەقیدەتی و مەزھەبی ئازاد بكات و رێز لە مافی كەمە نەتەوە و ئایینەكان بگرێت.