ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد: ئه‌مريكا ده‌يه‌وێت عێراق دابه‌ش بكات
دوێنێ خۆپاڵاوتنى بۆ سه‌رۆكايه‌تى كۆمار ره‌تكرايه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكى پێشووى كۆمارى ئيسلامى ئێران مه‌حمود ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد رايگه‌ياند، ئه‌مريكا ده‌يه‌وێت عێراق دابه‌ش بكات.
مه‌حمود ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد، كه دوێنێ خۆ پاڵاوتنى بۆ به‌شداريكردن له هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكايه‌تى ئێران ره‌تكرايه‌وه، سه‌باره‌ت به دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ئه‌مريكا گوتى: ئێمه داوه‌رى له‌سه‌ر كه‌سه‌كان له ئه‌مريكا ناكه‌ين، سه‌رۆكه‌كان له‌وێ بڕيارى سياسى درووست ناكه‌ن و ته‌نيا جێبه‌جێيان ده‌كه‌ن.
گوتيشى: له ئێستادا ئه‌مريكا له هه‌وڵى تێكدانى ئابوورى ژاپۆن و چينه. ههوڵهكانيشى ئاشكران بۆ تێكدانى سووريا و بانگه‌شه‌كانى بۆ دابه‌شكردنى سعووديه و توركيا و عێراق و لاوازكردنى ئێران و وێرانكردنى ميسر.
سه‌باره‌ت به سووريا، ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد گوتى: پێويسته ئێران و هه‌موو لايه‌نه‌كانى ديكه له سووريا بێنه ده‌ره‌وه و له‌سه‌ر مێزى دانووستان به دواى چاره‌سه‌رى قه‌يرانى سووريا بگه‌ڕێن.
ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد له ميانى به‌رنامه‌ى ديدارى ئه‌مڕۆى كه‌ناڵى ئه‌لجه‌زيره‌ى قه‌ته‌رى ئه‌وه‌شى گوت: چاره‌سه‌ركردنى قه‌يرانى سووريا و يه‌مه‌ن و به‌حره‌ين له به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌مريكا و ئيسرائيل نييه.
هه‌روه‌ها ئامۆژگارى سعووديه، قه‌ته‌ر، كوه‌يت، ئيمارات، به‌حره‌ين، عه‌مان، سووريا و عێراق و توركياى كرد، سياسه‌تى خۆيان بگۆڕن و ئه‌و شه‌ڕه بوه‌ستێنن كه به‌سه‌رياندا سه‌پاوه و خاڵى هاوبه‌شى نێوانيان بدۆزنه‌وه.
ئه‌وه‌شى گوت: ئه‌وه‌ى ئێستا له ناوچه‌كه رووده‌دات به‌شێكه له خيانهتهكانى سه‌رۆكى پێشووى ئه‌مريكا باراك ئۆباما.